بڕیارێکی فیفا هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و بەرازیل تووڕە دەکات

10-05-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هەڵبژاردەی بەرازیل هەڵبژاردەی ئەرجەنتین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دادگای پێداچوونەوە لە یەکێتیی تۆپی پێی نێودەدەوڵەتی، داواکاریی بەرازیل و ئەرجەنتینی رەتکردەوە، کە دەیانویست یارییەکەی نێوانیان لە پاڵاوتنەکانی 2022ـی مۆندیالی قەتەر دووبارە نەکرێتەوە.
 
لە یەکێک لە سەیرترین رووداوەکانی پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا، لە مانگی 9ـی ساڵی رابردوودا، بەرپرسانی بەرازیل دوای چەند خولەکێک لە دەستپێکردنی یاریی بەرازیل و ئەرجەنتین لە ساوپاولۆ، چوونە نێو یاریگە و دوایانکرد چەند یاریزانێکی ئەرجەنتینی لە یارییەکە دەربکرێن بە پاساوی ئەوەی دەبێت کەرنتینە بکرێن، بەڵام ئەرجەنتینییەکان بەوە رازی نەبوون و ئامادە نەبوون یارییەکە تەواو بکەن.
 
دواتر فیفا بڕیاریدا یارییەکە دووبارە بکرێتەوە، لە کاتێکدا هەردوو هەڵبژاردەکە پێشوەختە وەک یەکەم و دووەمی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور گەیشتینان بە مۆندیال مسۆگەرکردبوو. 
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی فیفا، هەردوو یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیل و ئەرجەنتین داوایان کردبوو یارییەکە نەکرێتەوە، بەڵام فیفا داواکەیانی رەتکردووەتەوە و ناچاریان دەکات یارییەکە بکەن.
 
دوای بڕیاری فیفا، کە دەبێت یارییەکە بکرێت، یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین لای دادگای ناوبژیوانیی وەرزشیی (کاس) تانەی لە بڕیارەکەی فیفا دا و نایەوێت یارییەکە بکرێت، بەڵام ئەو داواکارییەش رەتکرایەوە، کە پێشتریش داواکارییەکی هاوشێوەی بەرازیلیش رەتکراوەتەوە.
 
لە مۆندیالی 2022ـی قەتەردا، هەڵبژاردەی بەرازیل لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا یارییەکانی بەرامبەر سویسرا، سربیا و کامیرۆن دەکات، هەڵبژاردەی ئەرجەنتینیش لە کۆمەڵەکەیدا هەریەک لە هەڵبژاردەکانی مەکسیک، پۆڵەندا و سعودیە هەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە