بۆندێسلیگا بە کۆمەڵێک رێکاری تووند دەستپێدەکاتەوە

10-05-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بۆندێسلیگا ڤایرۆسی کۆرۆنا
A+ A-

رووداو - هەولێر

خولی تۆپی پێی ئەڵمانیا بە بە کۆمەڵێک رێکاری تووند دەستپێدەکاتەوە و پێویستە هەموو یانە و یاریزانەکان بە تەواوی پێیانەوە پابەندبن.

خولی تۆپی پێی ئەڵمانیا بووە یەکەم خولی گەورەی ئەوروپا، کە لە دوای وەستانیان بەهۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەستپێبکاتەوە، بەڵام بێجگە لەوەی رێگە بە ئامادەبوونی هاندەران نادرێت، کۆمەڵێک رێکاری دیکەی تووندیش دەگرێنەبەر بۆ ئەوەی رێگە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بگیرێت.

لە کاتێکدا کە حکومەتی ئەڵمانیا رێگەی داوە یارییەکانی بۆندێسلیگا لە 16ی ئەم مانگەوە دەستپێبکەنەوە، هێشتا مەترسییەکی زۆر هەیە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێو یاریزانەکاندا، بۆیە دەستەڵاتدارانی ئەو وڵاتە پۆرۆتۆکۆڵێکی باشیان داناوە بۆ رێگەگرتن لە روودانی هەر رووداوێکی نەخوازراو، کە لەو پۆرۆتۆکۆلەدا هەندێک رێکاری تووند هەن.

یەکێک لەو رێکارانە، وەک رۆژنامەکانی ئەڵمانیا باسی دەکەن، ئەوەیە کە ناوبژیوان فیکەی دەستپێکردنی هیچ یارییەک لێنادات تاوەکو دڵنیا نەبێتەوە لەوەی کە هەموو ئەوانەی لە شوێنی یەدەگی تیپەکان دانیشتوون ماسکیان بەستووە.

رێکارێکی دیکە ئەوەیە کە هەر تیپێک پێویستە بە تەنیا لە رێڕەوی هاتنە نێو یاریگەدا بچێتە نێو یاریگە، کە پێشتر هەردوو تیپ پێکەوە دەچوونە نێو یاریگە.

وەک رۆژنامەکانی ئەڵمانیا ئاماژەی بۆ دەکەن، لە کاتی گۆڵکردندا نابێت یاریزانەکان بەشێوەی بەکۆمەڵ ئاهەنگ بگێڕن و بەریەک بکەون، واتە هەر یاریزانێک پێویستە بە تەنیا ئاهەنگ بگیڕێت.

هەروەها رێکارێکی دیکەش تایبەتە بە تەوقەکردن و درێس گۆڕینەوە، کە بەهیچ شێوەیەک رێگە بە یاریزانان نادرێت ئەو دوو کارە بکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە