ماركا: ئه‌گه‌ر یوڤانتۆس چامپیۆنزلیگ بباته‌وه باڵۆن دۆر بۆ بۆفۆنه
ئا: رووداوی وه‌رزشی
جیانلویجی بۆفۆن، گۆڵپارێز و كاپتنی یانه‌ی یوڤانتۆسی ئیتاڵی، له ته‌مه‌نی 39 ساڵیدا سه‌لماندی كه شایه‌نی ئه‌وه‌یه به گه‌وره، سه‌ركرده و شای ئه‌وروپا ناوبنرێت. ئه‌و ته‌نیا به‌و ئامارانه‌ی له خولی یانه پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا، كه به‌هێزترین پاڵه‌وانیه‌تی تۆپی پێی جیهانه له‌سه‌ر ئاستی یانه‌كان، تۆماریكردوون، ده‌سه‌لمێنێت كه باشترینی ئه‌وروپا و ته‌نانه‌ت جیهانیشه.
یاساكه ده‌شكێنێت
هه‌رچه‌نده بۆفۆن، رایگه‌یاندووه كه ئه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بیر له باڵۆن دۆر و خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی جیهان ناكاته‌وه، به‌ڵام ئیدی به‌شێكی زۆری چاودێران و پسپۆران گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی كه پێویسته بۆفۆن یه‌كه‌م گۆڵپارێز بێت كۆتایی به‌و یاسا نا فه‌رمییه بێنێت، كه رێگه نادات گۆڵپارێزێك باشترین یاریزانی ئه‌وروپا و جیهان بێت.
ئه‌و ده‌ڵێت "من بیر له باڵۆن دۆر ناكه‌مه‌وه، ته‌نیا ده‌مه‌وێ یارمه‌تی تیپه‌كه‌م بده‌م بۆ ئه‌وه‌ی نازناوی چامپیۆنزلیگ ببه‌مه‌وه". به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌مه‌ی كرد، بردنه‌وه‌ی ئه‌و نازناوه بۆ خۆی حه‌لال ده‌كات.
مه‌دریدییه‌كان شایه‌تی بۆ ده‌ده‌ن
رۆژنامه‌ی ماركای ئیسپانی، كه نزیكه له یانه‌ی ریال مه‌دریدی ئیسپانی، پێیوایه ئه‌گه‌ر بۆفۆن بتوانێت سه‌ركردایه‌تی یانه‌ی یوڤانتۆس بكات بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوی چامپیۆنزلیگ، كۆتایی به قورخكاری 9 ساڵه‌ی مێسی و رۆناڵدۆ بۆ باڵۆن دۆر دێنێت و ده‌بێته خاوه‌نی باڵۆن دۆر.
رۆژنامه مه‌دریدییه‌كه، له‌و باره‌وه نووسیویه‌تی "بۆفۆن له‌م وه‌رزه‌دا ده‌توانێت سێیانه بباته‌وه، كه زۆر نزیك بووه‌ته‌وه له بردنه‌وه‌ی نازناوی خولی ئیتاڵیا، گه‌یشتووه‌ته یاری كۆتایی جامی ئیتاڵیا‌و زۆر نزیكه له گه‌یشتنه یاری كۆتایی چامپیۆنزلیگ، كه‌واته ئه‌گه‌ر یانه‌كه‌ی بۆفۆن ببێته خاوه‌نی سێیانه، كه‌س له‌و شایه‌نتر نییه بۆ بردنه‌وه‌ی باڵۆن دۆر و زه بێستی خه‌ڵاته‌كه‌ی فیفا بۆ باشترین یاریزانی ساڵ".
ماركا، هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی "ئه‌گه‌ر ریال مه‌درید چامپیۆنزلیگ بباته‌وه، كریستیانۆ رۆناڵدۆ پاڵێوراوی یه‌كه‌مه بۆ بردنه‌وه‌ی باڵۆن دۆر، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یوڤانتۆس بباته‌وه، بۆفۆن و مێسی به‌هێزترین دوو پاڵێواروی خه‌ڵاته‌كه ده‌بن، به‌ڵام چانسی بۆفۆن به‌هێزتر ده‌بێت".
نویهریش شایه‌تی بۆ ده‌دات
زۆربه‌ی چاودێران له‌و بڕوایه‌دان كه مانوێل نویه‌ری گۆڵپارێزی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا و یانه‌ی بایرن میونشن، باشترین گۆڵپارێزی ئێستای جیهانه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و گۆڵپارێزه به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز وه‌سفی بۆفۆن ده‌كات، تا ئه‌و رادده‌یه‌ی پێیوایه به‌راوردكردنی بۆفۆن به خۆی و به هه‌ر گۆڵپارێزێكی دیكه بێ رێزییه به‌رامبه‌ر باشترین گۆڵپارێز له مێژووی تۆپی پێی جیهاندا. ئه‌و ده‌ڵێت "به‌راوردكردنی من به بۆفۆن بێ رێزییه به‌رامبه‌ر جیجی، چونكه ئه‌و باشترین گۆڵپارێزه له مێژوودا، گوناحه ئه‌و به هه‌ر گۆڵپارێزێكی دیكه به‌راورد بكرێت".
ئاماره‌كانی ترسێنه‌رن
وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر ئاماژه‌مان پێكرد، ئه‌و ئامارانه‌ی بۆفۆن له چامپیۆنزلیگدا تۆماریكردوون، كه تاوه‌كو ئێستا 100 یاری له‌و پاڵه‌وانیه‌تییه‌دا ئه‌نجامداوه، گه‌وره‌یی و پاشایه‌تی ئه‌و گۆڵپارێزه ده‌سه‌لمێنن.
* بۆفۆن ئه‌مساڵ له 11 یارییدا 9 جار توانیویه‌تی تۆڕی گۆڵه‌كه‌ی به خاوێنی رابگرێت، ته‌نیا 2 گۆڵی لێبووه.
* بۆفۆن له‌گه‌ڵ یوڤانتۆس له 12 وه‌رزدا به‌شداری له چامپیۆنزلیگدا كردووه.
* بۆفۆن له‌و 12 وه‌رزه‌ی چانمپیۆنزلیگدا 10770 خولهك یاری كردووه.
* بۆفۆن له 100 یارییدا له 75 یارییدا نه‌دۆڕاوه. 47 یاری بردووه‌ته‌وه، 28 یاری یهكسانبووهو 25 یارییش دۆڕاوه.
* بۆفۆن 2 جار به‌شداری له یاری كۆتایی چامپیۆنزلیگدا كردووه، له ساڵانی 2003 و 2015، هه‌ردووجاریش دۆڕاوه.
* بۆفۆن 4 لێدانی سزای له چامپیۆنزلیگدا گه‌ڕاندووه‌ته‌وه.
* له وه‌رزی 1997 ـ 1998دا بۆفۆن بۆ یانه‌ی پارما 6 یاری له چامپیۆنزلیگدا ئه‌نجامدا. 5 گۆڵی لێ‌بوو، له 3 یارییدا تۆڕی گۆڵه‌كه‌ی به خاوێنی راگرت.