وەرن بەچاوی هەڵبژاردەی کوردستان سەیری دهۆک بکەن

10-04-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی دهۆک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەو هەلە مێژووییەی بۆ یانەی دهۆک هاتووەتەپێشەوە، هەرگیز بۆ یانەیەک لە مێژووی تۆپی پێی عێراقدا نەبووە و ئێستا یانەکە لە دوایین دێرەکانی نووسینەوەی لاپەرەکانی مێژووە و نزیکە لەوەی دەستکەوتێک بەدەستبهێنێت، کە هەرگیز یانەیەک لە تۆپی پێی کوردستان و عێراقدا پێی نەگەیشتووە.
 
جامی کەنداو، لە بنەڕەتدا پاڵەوانێتییەکی فەرمی نییە، بەڵام گرنگ و سەرنجڕاکێشە و وڵاتانی کەنداو گرنگییەکی زۆری پێدەدەن و یانەکانیان لە ئاستێکی بەرزدا بەشداریی تێدادەکەن، دانانی خەڵاتێکی 300 ملیۆن دۆلاریش بۆ براوەی پاڵەوانێتییەکە خۆی باشترین بەڵگەیە لەسەر گرنگیپێدانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کەنداو بەو پاڵەوانێتییە.
 
ئەوەی ئەم وەرزە چێژێکی زیاتری دایە پاڵەوانێتییەکە و وایکرد سەرنجی زیاتر لەسەر یارییەکانی بێت، یانەی دهۆکی کوردستانی بوو، ئەو یانەیەی بە ئاست و ئەنجامەکانی، بە هاندەرە سەرنجڕاکێش و دڵگەرمەکانی باڵی هەموو وڵاتانی کەنداوی بەلای خۆیدا راکێشا و میدیای عەرەبیشی ناچارکرد یارییەکانی راستەوخۆ بگوازنەوە و گرنگییەکی زیاتری پێبدەن.
 
دیمەنە جوانەکانی هاندەرانی دهۆک لە یاریگەی قادسیەدا بە جلوبەرگی کوردی و درێسی یانەکەوە، گوتنەوەی سروودی نیشتمانی و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، خۆی دەستکەوت و مێژووە، خۆی نازناوە.
 
ئەوەی من دەمەوێت سەرنجتانی بۆ رابکێشم، ئەوەیە کە پێویستە هەموو کوردستان لە بۆنەیەکی ئاوا گرنگدا پاڵپشتیی دهۆک و هەر یانەیەکی دیکەی کوردستانی بکات و هەموو ناکۆکی و رکابەرییەکان بەلاوە بنێنین، لە ناوخۆدا با رکابەربین و لە دەرەوەشدا یەک دەست و یەک دڵ بین، چونکە تۆپی پێ و سەرکەوتنی دهۆک بۆ یاریی کۆتایی جامی کەنداو و ئەو رووداوانەی بەر لە یارییەکەی دهۆک بەرامبەر قادسیە روویاندا پێشانیداینەوە کە کورد لە تۆپی پێشدا تەنیایە و هەر خۆی قوربانییە.
 
مەسعود میراڵ، گوتەنی رێگە کراوەبووایە یان یارییەکە لە ئەورووپا بووایە، 50 هەزار دهۆکی لە یاریگە دەبوون، بەڵام هێشتا کورد باجی شەڕی نێوان عێراق و کوێت دەدات و هەزاران هاندەر کە رێگەی دووریان لە دهۆکەوە بەرەو بەسڕە بڕی نەیانتوانی بچنە وڵاتەکە و لە بینینی یارییەکە بێبەشبوون، بەدڵنیاییەوە خۆشەویستی وایلێکردن هەموو شتێک بەلاوە بنێن و بەدرێسی زەردەوە هەموو رێگەیەک تاقیبکەنەوە، بەڵام نەگەیشتنە ئامانج.
 
جگە لەوەش، وەرن سەیری عێراق بکەن، چۆن مامەڵە لەگەڵ یانەی دهۆک دەکات؟ یانەی شورتە لە چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا لە قۆناخی یەکەمدا دەرکرا، یانەی جەوییە لە قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگی دووەمی ئاسیا دەرکرا، دهۆک وەکو تاکە نوێنەری عێراق لە پاڵەوانێتییەکانی دەرەوەدا ماوە، بەڵام چ گرنگییەکی پێدراوە؟ من باسی میدیای عێراقی ناکەم، مەبەستم فیدراسیۆنی تۆپی پێ و لایەنی پەیوەندیدارە، بیربکەنەوە ئەمە یانەیەکی بەغدا بووایە چی روویدەدا و چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرد؟
 
لەکاتێکدا دهۆک لە یاریی کۆتایی جامی کەنداوە، یەک کەس لە ئەندامانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بۆ پاڵپشتیکردنی یانەکە نەچووە کوێت، یەک کەس قسەیەکی لەبارەی دهۆکەوە نەکرد، خۆی رێگەی بەسڕە بۆ کوێت هەر دوو کاژێرە و زیاتر نا، ئەی بۆ جگە لە کورد کەس نەچووە کوێت؟ باسی لایەنی دارایی هەر ناکەم، هاوکاریی هەموو یانەکانی عێراق دەکرێت، جگە لە یانە کوردستانییەکان.
 
رەنگە پێمانوابێت میدیا و پەیجە عەرەبییەکانی عێراق گرنگی بە یانە کوردستانییەکان بدەن، بەڵام ئەوە لەبەر چاوی رەشی ئێمە نییە، بەڵکو جگە لە دیمەنە جوانەکانی کوردستان، دیمەنی یاریگەی دیکەیان نییە بینەری خۆیانی پێ بەرزبکەنەوە و ئەوەشیان ناچارییە.
 
ئەوە ئێوارە جوانەکانی دهۆک و زاخۆن، هاندەرە سەرنجڕاکێشەکانی نەورۆز و عاشقانی هەولێرن، هەموو هەفتەیەک دەبنە بابەتی گەرمی هەمووان، دێربییەک لە بەغدا دەکرێت هێندەی یارییەکی ئاسایی دهۆک و زاخۆ هاندەر ئامادەنابێت و جگە لە یانە کوردستانییەکان هیچ یانەیەکی دیکە ناتوانێت یاریگەکەی پڕبکات لە هاندەر، کەچی بەمشێوەیە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
 
کورد بەگشتی میللەتێکە دڵخۆشیی زۆری نەبینووە و بەردەوام لە پێناو ئازادیدا قوربانییداوە، ئەم یارییە مێژووییانە هەلێکی گەورەن بۆ ئەوەی هەمووان بەیەک دەنگ و رەنگ هاواربکەین "ئەی ڕەقیب ھەر ماوە قەومی کوردزمان"، بۆیە یاریی گەڕانەوەی دهۆک بەرامبەر قادسیە بەرلەوەی یاریی دهۆک بێت، یاریی کوردستانە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە