مێسی و ئینتەرمەیامی مەترسییان لەسەرە

 
رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی و هاوڕێکانی لە یانەی ئینتەرمەیامی، لە مەکسیکن بۆ ئەنجامدانی یارییەکی یەکلاکەرەوە لە پاڵەوانێتیی کۆنکافدا.
 
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە کاژێر 05:30، یانەی ئینتەرمەیامی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی مۆنتێری مەکسیکی یاریی دەکات، بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی جامی کۆنکاف.
 
لە یاریی چووندا یانەی ئینتەرمەیامی لە یاریگەی خۆیدا بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ دۆڕاوە و جگە لە بردنەوەی ئەم یارییە هیچ هەلێکی دیکەی نییە بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
 
لە یاریی چووندا لیۆنێل مێسی بەهۆی پێکانەوە یاریی نەکرد، بەڵام بۆ ئەم یارییە بەتەواوی ئامادەیە و دەیەوێت هاوکاریی یانەکەی بکات بۆ گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی.
 
ئینتەرمەیامی بەهۆی ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاریی دەکات، لەبەردەم ئەرکێکی زەحمەتدایە، جگە لەوەش مۆنتێری یەکێک لە بەنێوبانگترین یانەکانی کیشوەرەکەیە و پێشتر پێنج جار نازناوی ئەم پاڵەوانێتییەی بەدەستهێناوە کە دوایینیان لە ساڵی 2021 بوو.