ئاتلێتیکۆ مەدرید و دۆرتمۆند، جەنگ لەپێناو رزگارکردنی وەرزێکدا


رووداو دیجیتاڵ

هەلێکە و هاتووە، دەبێ بەباشترین شێوە بقۆزرێتەوە و مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.. ئەمە دروشمی ئاتلێتیکۆ مەدرید و بۆرووسیا دۆرتمۆند دەبێت لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ و هەردوو تیپیش چاویان لە قۆستنەوەی هەلەکەیە بەباشترین شێوە.
 
ئەو راستییەی لێدەربچێت کە ئاتلێتیکۆ مەدرید لە قۆناخی شانزەدا ئینتەرمیلانی بەهێز و دووەمی وەرزی رابردووی پاڵەوانێتییەکەی دەرکردووە، ئاتلێتیکۆ و دۆرتمۆند دوو لاوازترین تیپی نێو هەشت تیپە سەرکەوتووەکەی چامپیۆنزلیگن، هەربۆیە بەریەککەوتنیان، هەلدەداتە هەردووکیان، تاوەکو خەون بەپەڕینەوە بۆ چوارگۆشەی زێڕینەوە ببینن.
 
مەدرید و دۆرتمۆند ئەمساڵیان لە زۆر رووەوە لەیەکدەچێت، هەردوو یانە لە نێوخۆدا شتێکیان بۆ نەماوەتەوە تەنیا جەنگان لەپێناو پلەی چوارەم و کورسیی پەڕینەوە نەبێت بۆ چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، هەردوولاش دەزانن کە سەرکەوتوو لە بەریەککەوتنی نێوانیاندا، بەرامبەر براوەی بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان یاریدەکات و ئەوەش لە هەموو روویەکەوە ئاسانترە لە بەریەککەوتن لەگەڵ سەرکەوتوو لە یارییەکانی بەرەکەی دیکەی کە زەبەلاحەکانی وەک سیتی، ریال، ئارسیناڵ و بایرن لەخۆ دەگرێت.
 
دۆرتمۆند کە چەکی هەرە کاریگەری لە یارییەکانیدا خێراییەکەیەتی، ئەگەر دروست مامەڵە لەگەڵ ئەو خاڵە بەهێزەی خۆیدا بکات، دەتوانێ سەرئێشە بۆ سیمیۆنی و یاریزانەکانی دروست بکات کە حەزیان بەریتمی خاوی یارییکردن و پشتبەستن بەتوانای جەستەیی پتەو هەیە.
 
ئاکسیل ڤێتسیل، یاریزانی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، پێشتر لە دۆرتمۆند بووە، ئەو باس لە خێرایی بۆرووسیا دۆرتمۆند دەکات،
"ئەوان تیپێکی زۆر باشن، من چوار ساڵی زۆرباشم لەگەڵ ئەوان هەبوو. دۆرتمۆند ئەو تیپەیە کە گوشاری زۆرت لەسەر دروستدەکات. یاریزانی زۆر خێرایان هەیە لە هێرشبردندا، وەک کەریم ئادیمی، جادون سانچۆ و جولیان براندت، کە زۆر باش تۆپ رێکدەخەن، لەبەرئەوە ئەوان ئەو یاریزانانەیان هەیە کە دەتوانن جیاوازیی دروست بکەن".
 
دۆرتمۆند لەوانەیە بەئاسانی نەتوانێ ریتمی یارییکردنی خۆی بەسەر ئاتلێتیکۆدا بسەپێنێت، چونکە دیێگۆ سیمیۆنی کە ساڵانێکی زۆرە سەرقاڵی دروستکردن و بەرهەمهێنانی تیپێکی گەورەیە لە ئاتلێتیکۆ، لە وەرزی ئەمساڵدا، ئامادەیە زۆرجار ستایلی باوی یارییکردنی خۆی بگۆڕێت و بەرامبەرەکەی بخاتە ژێر گوشارەوە و کێشەشی بۆ دروست بکات.
 
سیمیۆنی و یاریزانەکانی، دەتوانن ئیلهام لە کردنە دەرەوەی یەکێک لە باشترین تیپەکانی ئێستای ئەوروپا کە ئینتەرمیلانی ئیتاڵییە لە قۆناخی رابردوودا وەربگرن و دۆرتمۆندیش بخەنە لیستی قوربانییەکانیانەوە.
 
فیلێکس نمیچا، یاریزانی یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆند، باس لە پێویستیی کارکردنی بەکۆمەڵ دەکات لەلایەن تیپەکەیەوە. ئەو گوتوویەتی، "دەمەوێت بڵێم ئێمە هەموومان دەزانین ئاتلێتیکۆ چۆن دەجەنگن لەپێناو یەکدیدا و کوالیتی تیپەکەشیان چۆنە. لەبەرئەوە بەڵێ ئێمە ئامادەین بۆ رووبەڕوبوونەوەیان، هیوادارین بتوانین جارێکی دیکە هەمان شت پێشان بدەینەوە کە چەندجارێک لە چامپیۆنزلیگ پێشانمانداوە. بەڵێ ئێمەش دەبێ باش بجەنگین، دەبێ لەپێناو هاوکاریکردنی یەکدی لە یاریگەدابین".
 
ئاتلێتیکۆ لە یارییەکەی ئەمشەودا پێویستی بەئەنجامێکی باش هەیە ئەگەر بیەوێت لە چامپیۆنزلیگدا بەردەوام بێت، چونکە پشتبەستن بەئەنجامی یاریی گەڕانەوە لە یاریگەی سیگناڵ ئیدۆنا پارک، گرەوێکە کەس ناوێری بیکات.