یادەوەرییەکانی تاڵەکانی ریمۆنتادا لە بەیەکگەیشتنی پاریس و بارسا


رووداو دیجیتاڵ

کاتێک پاریس سانجێرمان و بارسێلۆنا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ، هاندەرانی هەردوولا، یادەوەرییەکانی مێژووی نزیکی رابردووی نێوان هەردوو یانە لە یادەوەرییاندا سەرهەڵدەداتەوە، لە ریمۆنتاداکەی 2017ەوە تاوەکو بردنی نەیمار لە بارسێلۆنا و دواتر چوونی سیمبولە مێژووییەکەی بارسا کە مێسییە بۆ یانە پاریسییەکە و لە کۆتاییشدا رۆیشتنی عوسمان دێمبلی و ئێستاش راوەستانەوەی خولقێنەری موجیزەی ریمۆنتادا کە لویس ئینریکێ بوو لەسەر هێڵی پاریس سانجێرمان.
 
هەموو یادەوەرییەکان هوروژم دەهێننەوە بۆ نێو دیمەنە گشتییەکەی بەیەکگەیشتنی ئەو دوو یانەیە لە ساڵانی رابردوودا، بەڵام پاریسییەکان هیواخوازن ئەو بەشەی یادەوەرییان بسڕنەوە کە بەشی دووەمی ساڵی ریمۆنتاداکەی تێدایە و تێیدا پاریسییەکان نەیانتوانی پارێزگاری لە پێشکەوتنیان بەچوار گۆڵی بێبەرامبەر بکەن.
 
سانجێرمان ئەمجارە بەبیرۆکەکانی راهێنەرێکی ئیسپانی، کەلەگەڵ بارسێلۆنادا چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە، هیوای بەردەوامبوون لە چامپیۆنزلیگدا دەداتە خۆی. ئەو راهێنەرە ئاڵای ئاڵنگارییەکەی بەرزکردووەتەوە و کاری زۆریشی لەسەر باشترکردنی لایەنی دەروونیی یاریزانەکانی کردووە بەر لە یارییەکە.
 
دانیێلۆ پێرێرا، یاریزانی پاریس سانجێرمان ئاماژە بەوە دەکات کە لویس ئینریکێی راهێنەر، ئارامانە کاری لەسەر تیپەکەی کردووە، ئەو دەڵێ، "بەڵێ هەست بەگوشارێکی جیاواز دەکەم. راهێنەر هەموو کات بەئارامی و خۆگرییەوە مامەڵەمان لەگەڵ دەکات. پێموایە بۆ ئەم جۆرە یارییانە زۆر پێویستیمان بەئارامی هەیە. ئێمە دەبێ ئارام و لەسەرخۆبین و بەهەمان هەستەوە بچینە نێو یارییەکەوە، دەبێ تەنیا بیر لە یارییەکە بکەینەوە نەک شتێکی دیکە".
 
ئەگەرچی هەفتەکانی رابردووی لاپەڕەی رۆژنامەکانی فەرەنسا، لێوانلێوبوون لە هەواڵی ناکۆکی و بەریەککەوتنە نادۆستانەکانی نێوان لویس ئینریکێ راهێنەر و کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی یەکەمی تیپەکە، کە لە دوا رۆژەکانی مانەوەیەتی لە سانجێرمان، بەڵام ئەو دووانە ئەمشەو ناچارن ناکۆکییەکانیان وەلا بنێن و کار بۆ سەرخستنی سانجێرمان بکەن کە خەونی گەورەی، بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگە و ئەوەش رووداوێکە، ئەگەر ببێتە راستی، ئینریکێ دەباتە نێو مێژووەوە کیلیانیش تائەوپەڕی دڵخۆشدەکات.
 
ژول کوندێ، یاریزانی یانەی بارسێلۆنا، بەتایبەت ئاماژە بەهاونیشتمانییە لێهاتووەکەی دەکات کە کیلیان ئێمباپێیە، ئەو دەڵێ، "پێموایە کیلیان ئەو یاریزانەیە کە هەمووان چاودێریی دەکەن و دەیناسن. دەستەی مەشقدەرانی ئێمە بەتایبەت ڤیدیۆکانی ئەویان پێشانداینەوە، بەڵام پێموایە ئێمە نابێ تەنیا فۆکەسمان لەسەر ئەوبێت، چونکە هەردوو تیپەکە یاریزانی باشیان هەیە کە دەزانن چۆن یارییەکان یەکلابکەنەوە و کیلیان یەک لەو یاریزانانەیە، ئەگەرچی ئێمە پێویستیمان بە هەندێک هەوڵ هەیە بۆ راگرتنی کیلیان و باشبوون لە هەموو رووەکانی یارییەکەوە".
 
جیا لە ئاست و توانای گەورەی هەردوو تیپ لە یارییەکەی ئەمشەودا، لێکدانەوەکان بۆ یاریی گەڕانەوەش بەشێک لە بیرکردنەوەکانی راهێنەرانی هەردوو تیپ داگیر دەکات و ئەوە پێویستی دەکات سانجێرمان زۆر هاوسەنگانەتر لە جارەکانی پێشوو، بەڕووی بارسادا بوەستێتەوە.