لامپارد: یاریزانە نوێیەکان نازانن مانای یاریکردن بۆ چێڵسی یانی چی

رووداو دیجیتاڵ

 

فرانک لامپارد، راهێنەری نوێی یانەی چێڵسی ئینگلیزی، پەیامێکی نوێی ئاراستەی یاریزانانی تیپەکەی کرد، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ باشترکردنی ئاستی تیپەکە، پاشئەوەی لە یەکەم یاریدا بەرامبەر ولڤێرهامتۆن بە گۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕان.
 
لامپارد، لە لێدوانی بۆ میدیای ئینگلیزیدا گوتوویەتی، "هەندێک یاریزانمان لە ماوەی رابردوودا هاتوون.. هەندێک کاتیان دەدەمێ بۆ ئەوەی سەقامگیر ببن، بەڵام ئەوان دەبێ لەوە تێبگەن مانای یاریکردن بۆ چێڵسی یانی چی".
 
راهێنەرە کاتییەکەی چێڵسی زیاتر دەڵێ، "ئەوان پێویستیان بەوە هەیە بزانن پۆشینی لۆگۆی چێڵسی مانای چی.. لەگەڵ ئەواندا هاندەران کارلێک دەکەن. من گرەنتی ئەوەیان دەدەمێ تاوەکو لێرەبم کاردەکەم بۆ گەشەکردنی ئەوان".
 
چێڵسی ئێستا خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ ئەنجامدەدات کە چوارشەممەی ئەم هەفتەیە لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.

 

بەر لە هاتنی لامپارد، یانەی چێڵسی لە دۆخێکی باشدا نەبوو لەسەرئاستی نێوخۆ و یانەکە ئێستا لە پلەی یازدەیەمی ریزبەندی خولی پرێمەرلیگە.