بارسا دەیەوێت بەربەرستێكی 15 خاڵی لە نێوان خۆی و ریال مەدریددا دروستبکات

10-04-2023
سه‌فین ته‌ها @safintaha
نیشانەکردن بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دۆڕان و نشوست لە کلاسیکۆدا بە ئەنجامی چوار گۆڵی بێ وەڵام، وای لە چاڤی هێرناندێز کردووە بیر لە گۆڕانکاری بکاتەوە، گۆڕانکارییەک بۆ یەکلاکردنەوە و تەواوکردنی کارەکە، بۆ بێهیواکردنی یەکجارەکی و کوشتنی تامی لالیگا. 
 
بە بانگهێشتکردنی لەمین یەمالی مەغریبی کە تەمەنی 15 ساڵ تێناپەڕێنێت، لەوە تێدەگەین کە چاڤی لە هەندێک یاریزان تووڕەیە، دەیەوێ جارێکی دیکە رۆحی رکابەری لە تیمەکەیدا بوونیادبنێتەوە، چاڤی نایەوێ پشت لەو مێژووە بکات کە خۆی پێیدا هاتووە و بارسای لەسەر پەروەردە بووە، ئەویش گرنگیدان و پشتبەستنە بە یاریزانانی لالیگا، یانیش دەکرێت دوای دۆڕانی ریال مەدرید بەرامبەر بە ڤیاریال، ئیدی لەوە تێگەیشتبێت کە ئەم چەند یارییەی کۆتایی خولەکە، هەلێکی باش و بێ سەرئێشەیە بۆ تاقیکردنەوەی یاریزانە لاو و نوێیەکان. 
 
بارسێلۆنا ئەمشەو لەسەر یاریگەی کامپ نو لە کاژێر 10ـی شەودا میوانداریی یانەی خیرۆنا دەکات، بردنەوەی یارییەکە واتا دروستکردنی بەربەرستێكی 15 خاڵی لە نێوان خۆی و ریال مەدریدی دووەم، بردنەوەی ئەم یارییە بە ئەنجامێکی گەورە و ئاستێکی باش، کەمێک لە برینی ماڵئاواییکردنی تیپەکە لە جامی شا لەسەر دەستی رکابەرە هەمیشەییەکەی ساڕێژ دەکات، قەتماغەی برینی چوار گۆڵ لە کامپ نوو لادەبات. 
 
بۆ یارییەکەی ئەمشەو لە تیپکەی هێرناندێزدا چوار یاریزانی سەرەکی یاری ناکەن، وەک هەمیشە عوسمان دێمبێلی ناوی لەسەرووی لیستی دوورکەوتووەکاندایە، پێدری و کریستێنسن و فرینکی دییۆنگ ئەوانەن کە ئەمشەو لەگەڵ کەتیبەکەی چاڤیدا نابن. 
 
ئەو میوانەی کە ئەمشەو دێتە کامپ نو، ئەوەندەش ئاسان نییە کە بارسێلۆنا بیر لەوەبکاتەوە بە ئەنجامێکی گەورە ماڵئاوایی لێبکات یانیش بردنەوە مسۆگەربێت، خیرۆنا لە پلەی 11ـی ریزبەندییە و لە دوایین 10 یاریی خۆیدا لە خولەکەدا 4 بردنەوەی هەیە، بەڵام کێشەی ئەو تیپە ئەوەیە کە یەک جار لە مێژوودا لە بارسای بردووەتەوە و یەکجاریش یەکسانبوون، بەڵام بردنەوەکە ئەوەندە دوور نییە لە ساڵی 2019ـدا بوو لە یارییەکی دۆستانەدا. 
 
ئێستا کە هەموو هاندەرانی ریال بە راهێنەرەکەشیانەوە دەستیان لە لالیگا شتووە، بۆ بارسا ئەو یارییانەی کە دەیمێنێت لە خولەکەدا ئاسایی و بێ پاڵەپەستۆیە، ئاخر ئەوان تاکە نازناوێكی کە مابێت شەڕی لەسەربکەن ئەمەیە، بۆیە چآڤی و یاریزانەکان دەیانەوێ بەزۆرترین جیاوازیی خاڵ نازناوەکە ببەنەوە و ببنە پاڵەوان، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا وەرزێكی مێژوویی بنووسنەوە و بڵێن، ئێمە ئەوەندە خاڵ لە پێش ریالەوە بووین.
 
بلاوگرانا چوار یاریی رابردووی لە خولی ئیسپانیدا بردووەتەوە، لەم وەرزەدا خاوەنی کەمترین دۆڕانە کە 2 یارییە و کەمترین یەکسانبوونیشی هەیە کە دووانە، کەمترین گۆڵیشی لێکراوە، لە 10 یاریی رابردوودا خاوەنی 9 بردنەوەیە و بەڵام لە رووی گۆڵکردنەوە بارسا دووەمە، چاڤی دەبێت لەم چەند یارییەی ماویەتی ئەم کێشەیە چارەسەربکات و ژمارەی گۆڵەکان زیاتر بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە