چاڤی باسی ریال مەدرید دەکات

10-04-2023
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

چاڤی هێرناندێز راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی بەر لە یارییەکەی ئەمشەویان بەرامبەر بە یانەی خیرۆنا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و باسی دۆخی یانەکەی و یانەی ریال مەدریدی کرد. 
 
چاڤی سەبارەت بە یارییەکەی ئەمشەو گرنگیی بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە گوتی: ئێمە پشت بەخۆمان دەبەستین، دۆخەکە لەدەستی خۆماندایە کە بەم یارییە جیاوازییەکە بکەینە 15 لەگەڵ دووەم، ئەمەش زۆر شتێکی باشە، بەو پێیەی کە تاوەکو کۆتایی وەرز ئێمە 30 خاڵمان لەبەردەستە بۆ ئەوەی بەدەستیبهێنین، هەرچەندە بەم یارییە هیچ شتێک دیاری ناکرێت، بەڵام جیاوازییەکە واتای زۆر دەگەیێنێت، هەرچۆنێک بێت ئاستی ریال مەدرید باش بێت یان خراپ بۆ من هیچ گرنگ نییە، من سەرنج دەخەمە سەر ئەوەی بەشێوەیەکی باش یاری بکەین و سێ خاڵی ئەم یارییە ببەینەوە، بۆ ئەوەی ببینە پاڵەوانی خولی ئیسپانیا، ئەمەش دۆخێكی ئاسایی نییە. 
 
راهێنەرەکەی بارسێلۆنا لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە گوایە یانەی ریال مەدرید ئەمساڵ لە ئاستێکی باشدا نەبووە لە خولی نێوخۆیی و رکابەرییەکەی هەرزوو جێهیشێت بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە.
 
"ئێمە بارودۆخەکە هەڵدەسەنگێنین کە ساڵی رابردوو لە کوێدا بووین و ئەمساڵ لە کوێین، ئەمە دەبێتە وەرزێکی سەرنجڕاکێش بۆ ئێمە، رکابەریکردن لەگەڵ تیپێکی گەورەی وەک ریال مەدرید، دەمەوێ بیرتان بهێنمەوە کە ئەوان پاڵيوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپان، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان پاڵەوانی وەرزی رابردووی لالیگان، دوای ئەوەی بە جیاوازییەکی زۆر نازناوەکەیان بردەوە، بۆیە ئەم نازناوە بەهایەکی زۆری دەبێت ئەگەرچی لە دەرەوەی ئەم یانەیەش بۆچوونێکی دیکەیان هەبێت".
 
ئەمشەو یانەی بارسێلۆنا لە کاژێر 22:00 میوانداریی یانەی خیرۆنا دەکات و یارییەکەش لەسەر یاریگەی کامپ نو دەکرێت. 

 

بۆ یارییەکەی ئەمشەو لە تیپکەی هێرناندێزدا چوار یاریزانی سەرەکی یاری ناکەن، وەک هەمیشە عوسمان دێمبێلی ناوی لەسەرووی لیستی دوورکەوتووەکاندایە، پێدری و کریستێنسن و فرینکی دییۆنگ ئەوانەن کە ئەمشەو لەگەڵ کەتیبەکەی چاڤیدا نابن. 
 
بلاوگرانا چوار یاریی رابردووی لە خولی ئیسپانیدا بردووەتەوە، لەم وەرزەدا خاوەنی کەمترین دۆڕانە کە 2 یارییە و کەمترین یەکسانبوونیشی هەیە کە دووانە، کەمترین گۆڵیشی لێکراوە، لە 10 یاریی رابردوودا خاوەنی 9 بردنەوەیە و بەڵام لە رووی گۆڵکردنەوە بارسا دووەمە، چاڤی دەبێت لەم چەند یارییەی ماویەتی ئەم کێشەیە چارەسەربکات و ژمارەی گۆڵەکان زیاتر بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە