گالتێ کێشەکانی سانجێرمان دەستنیشان دەکات


رووداو دیجیتاڵ

کریستۆف گالتێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، هۆکارەکانی شکستی تیپەکەی و پاشەکشەی لە ئەنجامەکان لە وەرزی ئەمساڵدا ئاشكرا کرد.
 
گالتێ لە لێدوانی بۆ میدیای فەرەنسا گوتوویەتی، "کاتێک هەموو یاریزانەکان بەردەست دەبن بۆ یاریکردن، ئەرکەکانمان ئاسانن، ئەمەش هەلی گۆڕانکاری باش بە دەستەی راهێنەران دەدات".
 
ئەو راهێنەرە زیاتر دەڵێ، "کاتێک تیپەکەمان لاواز دەبێت و دۆخەکە ئاڵۆز دەبێت، هۆکاری ئەوەیە کە راهێنەر گوشاری زۆری دەکەوێتە سەر.. پاریس یاریزانی دیاری هەیە کە رۆحی رکابەرییان بەرزە، بەڵام هەندێکجار ئێمە بە دۆخی ئاڵۆزدا تێدەپەڕین، لەبەرئەوە دەبێ پشتگیری یاریزانەکان بکەین بە قسەکردن لەگەڵیاندا بۆ ئەوەی ئاست و ئەنجامیان باشتر ببێت".
 
راهێنەری یانە پاریسییەکە هەروەها دەڵێ، "بردنەوەی نازناوی خولی فەرەنسا ئاسان نییە، هەمووان لەپێناویدا دەجەنگن، رووبەڕووی زەحمەتی دەبینەوە بەهۆی ماندووبوونی زۆرەوە کە بەشێکی زۆری یاریزانەکانمان بەدەستییەوە دەناڵێنن".
 
گالتێ زیاتر دەڵێ، تیپەکەی بەهۆی ئامادەنەبوونی ریناتۆ سانچێزەوە دەناڵێنێت کە لە یارییەکەی نیسدا دووچاری پێکان بوو، ئەمە جیا لە هەستکردنی نۆنۆ مێندێش بە ماندووبوونی ماسوولکە بەهۆی ئەو پێکانەی کە لە مۆندیالدا دووچاری بوو.
 
سانجێرمان چەندین کێشەی لە پێکانی یاریزانەکانیدا هەیە، نەیمار دا سێلڤا و پرسنیل کێمبێمپێ، تاوەکو کۆتایی وەرز ناگەڕێنەوە ریزەکانی یانەکە، لە کاتێکدا یاریزانانی دیکەی وەک ئەشرەف حەکیمی و کیلیان ئێمباپێ و مێسی ناوەناوە لە یانەکە دادەبڕێن.
 
راهێنەری یانە پاریسییەکە هیوادارە هەریەکە لە خوان بێرنارت و مارکۆ ڤێراتی بەزوویی لە پێکانەکانیان چاکببنەوە بۆ ئەوەی بۆ یاری داهاتووی یانەکە بەرامبەر لانس ئامادەبن.
 
سانجێرمان لە وەرزی ئەمساڵدا تەنیا رکابەریکردنی لەسەر نازناوی خولی فەرەنسا بەدەستەوە ماوە پاشئەوەی لە قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ و لە جامی فەرەنسا کرایە دەرەوە و ئێستا تەنیا 6 خاڵ لە پێش لانسی دووەمی ریزبەندی خولی فەرەنسییەوەیە، لە کاتێکدا رکابەرییەکانی خولەکە تەنیا 8 گەڕیان ماوە.