راپۆرتی تایبەت؛ جەنگی کەتەلۆنی و شەیتانەکان لە ئۆڵدترافۆرد

10-04-2019
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن گرنگترین یارییەکانی رۆژ
A+ A-

رووداو - هەولێر

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بە هەموو چەکەکانییەوە رووبەڕووی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی دەبێت، لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.

ئەمشەو کاژێر 22:00 یاریگەی ئۆڵدترافۆرد، شانۆی خەونەکان لە شاری مانچێستەر سەرنجەکان بۆ بینینی یارییەکی بەهێز و سەرنجڕاکێش رادەکێشێت، تیکی تاکای بارسێلۆنا و هێز و ورەی نوێی مانچێستەر بەسەرکردایەتی سۆلشایەر.



مانچێستەر بەهۆی ئەوەی لە قۆناخی رابردوو ریمۆنتادایەکی گەورەی لە مێژووی خۆی و چامپیۆنزلیگدا بەسەر پاریس سانجێرمان تۆمارکرد، بۆ بارساش جێگەی مەترسییەکی زۆرە، لەکاتێکدا یانەکە سەرەرای ئەوەشی کە هێلێکی هێرشبەری باشی هەیە و پێشەنگی لالیگاشی بەدەستەوەیە، بەڵام لەرووی بەرگرییەوە هەژارە، بۆیە پیکێ و هاوڕێکانی دەبێت زۆر بە هۆشیارییەوە مامەڵە بکەن، بەتایبەت کە راشفۆرد و لوکاکو لە چەند یاریی رابردوودا ئاستێکی بەرزیان پێشکەشکردووە و پۆگباش لە ناوەڕاستەوە کاریگەریی زۆری لەسەر پێکهاتەکەی تیپە ئینگلیزییەکە دەبێت.



بارسێلۆنا بۆ یارییەکەی ئەمشەو بەهەموو هێز و تواناییەکەوە رووبەڕووی مان یونایتد دەبێتەوە، عوسمان دێمبێلی، ئەستێرەی فەرەنسیش راپۆرتی پزیشکیی وەرگرتووە و بۆ یارییەکە ئامادەیە، بەڵام بە گوتەی ئێرنێستۆ ڤالڤێردی ئەو یاریزانە بەشێوەی سەرەکی یاریی ناکات، چاوەکانیش لەسەر لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و کاپتنی بلاوگرانا دەبن بۆ ئەوەی سەرکردایەتی کەتەلۆنییەکان بکات، لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان.

بارسێلۆنا کە دوو ساڵی رابردوو نەیتووانیووە بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە بە ئەنجامێکی باشەوە لە ئۆڵتدرافۆرد بێتە دەرەوە، بۆ ئەوەی بە ئارامییەوە یاریی گەڕانەوە ئەنجامبدات.



پاراستنی گۆڵەکەی بە خاوێنی لە چوار یاریی قۆناخی کۆمەڵەکاندا و بردنەوە لە یوڤێنتوس لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، مەترسییەکی دیکەی مانچێستەر یونایتد دەبێت بۆ سەر مێسی و هاوڕێکانی لە یارییەکەی ئەمشەودا.

مانچێستەر یونایتد و بارسێلۆنا لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا 14 جار رووبەڕووی یەکبوونەتەوە، هەریەکەیان 5 یارییان بردووەتەوە و 4 یارییشیان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە، بارسێلۆنا 23 گۆڵی لە رێد دیڤڵز کردووە، مان یونایتدیش 20 جار تۆڕی بارسای هەژاندووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە