رووداو دیجیتاڵ
بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی، گورزێکی کوشندەی بەرکەوت، لە کاتێکدا خۆی بۆ یاریی گەڕانەوە بەرامبەر بایرن میونشن لە قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ ئامادە دەکات.
لیڤەرکوزن، لە یاریی چووندا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بە بایرن دۆڕاوە و لە یاریی گەڕانەوەدا ئەرکی قورسە، بەڵام یانەکە رووبەڕووی رووداوێکی شۆکهێنەر بووەتەوە.
لیڤەرکوزن لە دوایین یاریی خۆیدا لە بۆندێسلیگا بەدوو گۆڵی بێبەرامبەر بە ڤێردەربرێمەن دۆڕا و لە شکستەکە خراپتر، پێکرانی فلۆریان ڤێرتزی ئەستێرەی یەکەمی یانەکە بوو لە پاژنەیدا.
ڤێرتز دوای تەنیا چارەکێک لە چوونە نێو یاریگە لە گێمی دووەمی یارییەکەدا، دووچاری پێکانبوو و لەلایەن تیمی پزیشکییەوە برایە دەرەوە.
لەبڵاوکراوەیەکی لیڤەرکوزندا هاتووە کە ڤێرتز لە بەستەی پاژنەیدا دووچاری پێکانبووە و چەند هەفتەیەک لە تیپەکە دادەبڕێت.
ڤێرتز لەگەڵ لیڤەرکوزن وەرزێکی ناوازە پێشکێشدەکات و 15 گۆڵ و 13 ئەسیستی هەیە.
ڤێرتز بەشداریی لە یارییەکەی بایرن میونشن ناکات و میدیاکانی ئەڵمانیا دەڵێن ئەو گورزە کوشندەیەی بەر چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری یانەکە کەوتووە، بەر یولیان نایگێلسمانی راهێنەری ئەڵمانیاش کەوتووە، چونکە ناتوانێت بەشداری یارییەکانی چارەکی کۆتایی نەیشنسلیگ بەرامبەر هەریەکە لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا بکات کە رۆژانی 20 و 23ی ئەم مانگە ئەنجامدەدرێن.
تاکە نازناوی بەردەستی لیڤەرکوزن لە وەرزی ئەمساڵدا، پاش دۆخی خراپی لە چامپیۆنزلیگ و پێشکەوتنی زۆری بایرن میونشن، جامی ئەڵمانیایە کە یانەکە یاریی کۆتایی بەرامبەر ئەرمینیا بیلفیڵدی پلە سێ ئەنجامدەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ