رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، هۆکاری جیابوونەوەی مارک ئاندرێ تێرشتیگنی گۆڵپارێزی یانەی بارسێلۆنا و دانیێلای هاوژینی، پەیوەندی بەخیانەتەوە هەیە.
بەر لە سێ رۆژ، لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا، تێرشتیگن و دانیێلا جیابوونەوەی فەرمییان لە دوای دە ساڵ لە ژیانی هاوژینی راگەیاند، لە کاتێکدا ئەو دووانەیە خاوەنی دوو منداڵن بەناوی بین و تۆم.
هەرچەندە تێرشتیگن لە بڵاوکراوەکەدا داوایکردووە، "رێز لە تایبەتمەندیی رووداوەکە بگرن لەم ماوەیەدا" بەڵام میدیاکانی ئیسپانیا بەدواداچوونیان بۆ هۆکاری جیابوونەوەکە کردووە و دەڵێن پەیوەندی بە خیانەتی دانیێلاوە هەیە.
تێرشتیگن گوتبووی بڕیارەکە بەهاوبەشیی نێوان هەردوولا بووە، پاش بیرکردنەوەیەکی ورد لە هۆکارەکان، بەڵام میدیای کەتەلۆنیا دەڵێن، جیابوونەوەکە بەهۆی خیانەتی دانیێلاوە بووە لە تێرشگتین و پاشئەوە روویداوە، کە گۆڵپارێزەکەی بارسا هەستی بەخیانەتی هاوژینەکەی کردووە و بۆی یەکلابووەتەوە کە خیانەتی لێکردووە.
سەرچاوەکان دەڵێن، دانیێلا راهێنەرێکی تایبەتی فیتنیسی هەبووە و لەگەڵ ئەودا دەستی تێکەڵکردووە، پەیوەندییەکە ئاشکرابووە و بەهۆیەوە تێرشتیگن داوای جیابوونەوەی کردووە.
بەپێی میدیاکانی کەتەلۆنیا، گۆڵپارێزەکەی بارسێلۆنا ماوەی دوو مانگە لە هوتێلی گراند حەیات لە بارسێلۆنا دەژی دوور لە هاوژین و منداڵەکانی.
پەیوەندی نێوان ئەو دووانەیە بەر لە نزیکەی 13 ساڵ دەستی پێکرد. ئەوان لە ئەڵمانیا ساڵی 2012 یەکدییان ناسی، لە کاتێکدا ئاندرێ یاریی بۆ بۆرووسیا میونشنگلادباخ دەکرد. ئەوان دواتر لە 2014دا روویانکردە بارسێلۆنا و ساڵی 2017 لە ئاهەنگێکی تایبەتدا لە کەتەلۆنیا هاوژینییان کرد.
تێرشتیگن هیواخوازە بەر لە کۆتایی هاتنی وەرزی ئەمساڵ جارێکی دیکە دەرفەتی یارییکردنەوەی لە بارسێلۆنا هەبێت، پاش ئەو پێکانە سەختەی لەسەرەتای وەرزی ئەمساڵدا تووشی بوو و بەستەری ئەژنۆی پچڕا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ