نەیمار دووبارە زۆر خراپ لێی قەوما

10-03-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن نەیمار پێکانی یاریزانان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

نەیمار لە دوای گەڕانەوەی بۆ تیپی دایک دوای ئەنجامدانی 7 یاری لەگەڵ سانتۆس تووشی پێکان بووەوە و ماوەیەکی دیکە دووردەکەوێتەوە. خۆیشی رایگەیاند کە زەحمەتە بتوانێت بەرامبەر کۆلۆمبیا و ئەرجەنتین یاری بکات.
 
نەیمار دوایین پێشهاتەکانی دۆخی تەندروستی خۆی ئاشکراکرد دوای دووبارەبوونەوەی پێکانەکەی و دوورکەوتنەوە لە پێکهاتەی تیپەکەی بۆ یەکەمجار لە دوای گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی سانتۆس لە مانگی یەکی ساڵی رابردوودا.
 
نەیمار دوای ئەوەی لە یانەی هیلالی سعودییەوە گەڕاوەتەوە سانتۆس ئاستێکی سەرنجڕاکێشی لەگەڵ یانەکەی پێشکەش کردووە و 3 گۆڵی تۆمارکردووە و 3 ئەسیستیشی هەیە، بەڵام ئەو یاریزانە لە کاتی مەشق و راهێنانەکاندا جارێکی دیکە تووشی پێکان بووەوە لە رانیدا و نەیتوانی بەشداری لە یارییەکەی پێشکۆتایی پاڵەوانێتی پاولیستادا بکات و بەئەنجامی 1-2 بە کۆرێنسیان دۆڕان.
 
ئەستێرەی پێشووی بارسێلۆنا لەدوای ئەو هەموو پێکانانەی له چەند ساڵی رابردوودا تووشیان بووە، بێزاری خۆی نەشاردەوه، بەتایبەتی که دوایین پێکانەکەی هاوکات بوو لەگەڵ بانگهێشتکردنەوەی بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی بەرازیل، دوای ساڵ و نیوێک دوورکەوتنەوە.
 
پێنجشەممەی رابردوو راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل بانگهێشتی نەیماری هێرشبەری سانتۆسی کرد بۆ ئەوەی پەیوەندی بەپێکهاتەی هەڵبژاردەکەیەوە بکات، وەک ئامادەکارییەک بۆ دوو یاریی داهاتوویان لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال بەرامبەر کۆڵۆمبیا و ئەرجەنتین، کە لەم مانگەدا بەڕێوەدەچن.
 
نەیمار 128 یاریی نێودەوڵەتی ئەنجامداوە و گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەی بەرازیلە بە تۆمارکردنی 79 گۆڵ، کە دوو گۆڵی زیاترە لە پێلێی ئەفسانەی بەرازیل.
 
نەیمار لەبارەی پێکانەکەی، دەڵێت "تەنیا دەمویست لەناو یاریگادا بم و بەجۆرێک یارمەتی هاوڕێکانم بدەم، بەڵام پێنجشەممەی رابردوو هەستم بە ناڕەحەتی کرد و ئەوەش نەیهێشت لە یاریگادا بم".
 
ئەو یاریزانە بەرازیلییە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "ئەمڕۆ دووشەممە پشکنینی پزیشکیمان ئەنجامدا و ئەنجامەکان پشتڕاستیان کردەوە کە پێکانم لە راندا هەیە، جارێکی دیکە لەگەڵ تیپەکەدا نابم، بەداخەوە کە ئەمە بەشێکە لە تۆپی پێ، بەڵام بەهێزتر دەگەڕێمەوە بۆ ئەوەی شەڕ بۆ ئامانجەکانمان بکەین".
 
ئەستێرەی سانتۆس بەدووری زانی بۆ دوو یارییەکەی بەرامبەر کۆلۆمبیا و ئەرجەنتین ئامادە بێت، لەکاتێکدا هەردوو ستافی پزیشکیی سانتۆس و هەڵبژاردەی سامبا بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ دڵنیابوون لەوەی بتوانێت پەیوەندی بە بەرازیلەوە بکات.
 
هەڵبژاردەی بەرازیل، کە بەکۆکردنەوەی 18 خاڵ لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 لە پلەی پێنجەمدایە، لە 21ـی ئەم مانگە لە گەڕی سیانزدەمی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بەرامبەر کۆڵۆمبیا یاری دەکات، پێش ئەوەی لە 26ـی هەمان مانگدا رووبەڕووی ئەرجەنتین ببێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە