راهێنەری ئامەدسپۆر: هەموو یارییەک بۆ ئێمە یاریی کۆتاییە

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئامەدسپۆر بە ئەنجامی 5 گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە یانەی ئارناڤوتکۆی بردەوە و بە 62 خاڵ پارێزگاریی لە پلەی یەکەمی کۆمەڵەی سووری یانە پلەدووەکانی تورکیا کرد.
 
یارییەکە دوای نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە لە پارێزگای ئامەد بەڕێوەچوو. یاریزانانی ئامەد هەر لە سەرەتاوە بە گوشار دەستیانپێکرد و لە خولەکی 10 یاریزان ئوغور ئادەم گەزەر گۆڵی یەکەمی ئامەدسپۆری بە لێدانی سزا تۆمارکرد. مەرت چاپار لە خولەکی 32 دا گۆڵی دوومی تۆمارکرد. 
 
یانەی ئارناڤوتکۆی چەند هێرشێکی بردە سەر گۆڵی ئامەدسپۆر و دوای لەدەستدانی چەند هەلێک، لە خولەکی 40 دا تاڵها دینچەر گۆڵی یەکەمی یانەکەی تۆمارکرد. 
 
گێمی دووەم ئامەدییەکان دووبارە بە هێرش دەستیانپێکرد؛ بەرک ئیسماعیل ئونساڵ و چەکدار ئۆرهان لە خولەکەکانی 53 و 67 گۆڵیان تۆمارکرد و ئەنجامی یارییەکەیان بۆ 4-1 گۆڕی. لە خولەکی 93 دا یاریزان مەرت چاپار گۆڵی دووەمی خۆی و پێنجەمی یانەکەی تۆمارکرد و یارییەکە بە ئەنجامی 5-1 لە بەرژەوەندیی ئامەدسپۆر تەواو بوو.
 
ئامەدسپۆر پارێزگاریی لە پێشەنگیی کرد
 
ئامەدسپۆر بەم بردنەوەیە کۆی خاڵەکانی لە 28 یاریدا گەیاندە 62 لە پلەی یەکەمی کۆمەڵەی سووری یانە پلەدووەکانی تورکیا مایەوە. یانەی کاستامۆنوسپۆر لە 28 یاریدا 61 خاڵی هەیە و لە پلەی دووەمە. یانەی ئیدرسپۆر بە 56 خاڵ پلەی سێیەمی گرتووە.
 
مەسعود باککاڵ، راهێنەری یانەی ئامەدسپۆر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس سوپاسی هاندەرانی کرد بۆ ئەو بەشداری و هاندانەیان. 
 
باککاڵ هەروەها دەڵێت: "ئێمە هەموو یارییەکی خولەکە بە یاریی کۆتایی دەبینین و بەمجۆرەش ئامادەکاریی بۆ دەکەین. یاریزانانمان لەو یارییانەدا ئاستی باش پێشکێش دەکەن و ئەمجارەش 5 گۆڵیان تۆمارکرد".
 
راهێنەری یانەی ئامەدسپۆر جەختیکردەوە دوای رۆژێک پشوو، راستەوخۆ دەست بە راهێنان دەکەن و خۆیان بۆ یاریی بەرامبەر یانەی ئەتیمەسگوت ئامادە دەکەن کە بڕیارە 17-3-2024 لە ئەنقەرە بەڕێوەبچێت. 
 
ئامەدسپۆر رۆژی 5-11-2023 لە هاتندا میوانداریی یانەی ئەتیمەسگوتی کرد و یارییەکەی بە گۆڵێکی خاوێن لێ بردەوە.
 
یانەی ئامەدسپۆر لەم وەرزەدا تەنیا دوو شکستی هێناوە
 
ئامەدسپۆر دەکەوێتە کۆمەڵەی سووری لیگی یانە پلە دووەکانی تورکیا و لەم وەرزەدا 28 یاریی کردووە؛ تەنیا لە دوو یاریدا بەرامبەر یانەکانی کاستامۆنوسپۆر و مەنەمەن دۆڕاندوویەتی، هەروەها لە هەشت یاریدا یەکسان بووە و 17 یاریشی بردووەتەوە. 
 
گرووپی سوور و گرووپی سپی چین؟
 
لە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا، یانەکان بەسەر دوو گرووپ دابەشکراون کە 19 یانە لە گرووپی سوورن و 19شیان لە گرووپی سپین. 
 
ئەو یانانە تا کۆتایی خولەکە بە شێوازی چوون و هاتن رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە و بەگوێرەی کۆی خاڵەکانیان لە ریزبەندیی گرووپەکەدا شوێن دەگرن.  
 
ئامەدسپۆر نزیکە لە گەیشتن بە خولی پلە یەکەکانی تورکیا
 
ساڵانە سێ یانەی پلە دووی تورکیا دەبنە پلە یەک. دوای تەواوبوونی خولی یانە پلەدووەکان، یانەیەک دەبێتە پاڵەوانی گرووپی سوور و یانەیەکیش دەبێتە پاڵەوانی گرووپی سپی. 
 
ئەم دوو یەکەمە راستەوخۆ دەگەنە خولی یانە پلەیەکەکانی تورکیا. هەروەها دووەمەکانی هەردوو گرووپ (سوور و سپی) رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە و براوە دەچێتە خولی یانە پلەیەکەکان. 
 
ئامەدسپۆر ئەم ساڵ رکابەرییەکی تووند لەسەر ئەوە دەکات خۆی بگەیەنێتە خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا.
 
ئەگەر بەمشێوەیە لە پلەی یەکەمدا بمێنێتەوە، راستەوخۆ دەچێتە خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا.
 
یانەی وان لە دیاربەکرسپۆری بردەوە و دووەمی گرووپی سپییە
 
لە گرووپی سپیی یانە پلەدووەکانی تورکیاش هەمان رکابەری هەیە. یانەی وان بە کۆکردنەوەی 59 خاڵ لە پلەی دووەمی کۆمەڵەی سپییە. 
 
یانەی ئەسەنلەر ئەرۆک 63 خاڵ پلەی یەکەمی گرتووە. هەرچیی یانەی دیاربەکر سپۆرە لە پلەی حەوتەمی کۆمەڵەی سپییە و لە 27 یارییدا 40 خاڵی کۆکردووەتەوە.
 
ئامەدسپۆر
 
یانەی ئامەدسپۆر ساڵی 1972 دامەزراوە و درێسەکەی تێکەڵەی رەنگەکانی (سوور - سەوز - سپی)یە سەرەتا لە ژێر ناوی مەلیک ئەحمەد تورام سپۆر بەشداری لە خولە میللـیەکانی ئامەد دەکرد.
 
ساڵی 1990 یانەکە لەلایەن شارەوانیی ئامەدەوە کڕدرا و ناوەکەی بۆ (یانەی شارەوانیی دیاربەکر) گۆڕدرا.
 
ساڵی 2006-2007 توانی لە خولی پلە سێ خۆی بگەیەنێتە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا. 
 
ئەو یانەیە هەوراز و نشێوی زۆری بڕی؛ وەرزی 2013-2014 لە نیو پلیتی بۆ خولی پلە دوو بەدەستهێنا، بەڵام لە یاریی بەرامبەر ئاڵانیاسپۆر دۆڕا و لە خولی پلە دوو مایەوە. 
 
رۆژی 28-10-2014 لە کۆنگرەیەکدا ناوی یانەکە گۆڕا بۆ ئامەدسپۆر. 
 
سەرەتا دژایەتیی زۆری ئەو یانەیە کرا و بەهۆی ناوەکەیەوە گوشاری زۆری لەسەر دروستکرا، بەڵام دواتر پەسندکرا. ئەگەرچی تا ئێستاش لە یارییەکانی ئامەدسپۆر زۆربەی جار گرژی و پشێوی دروستدەبێت.