ڤیدیۆ؛ ئامەدسپۆر بردنەوەیەکی گەورەی تۆمارکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان، لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوامبوو و سەرکەوتنێکی گەورەی لە رکابەرییەکانی خولی پلە دووی تورکیادا بەدەستهێنا.
 
ئامەدسپۆر دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە رکابەرییەکانی گەڕی 30ـی خولی پلە دووی تورکیا و لە کۆمەڵەی سووردا میوانداریی یانەی ئارناڤوتسپۆری کرد و یارییەکەی بە ئەنجامێکی گەورە و بە پێنج گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لێبردەوە و سێ خاڵی دیکەی بەدەستهێنا.
 
لە خولەکی 9 ئوگور ئادەم بەلێدانی سزا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەکەی باکووری کوردستان تۆمارکرد و ئامەدسپۆری پێشخست.
 
لە خولەکی 31 مەرت چاپەر، ئەستێرەی یانەی ئامەدسپۆر یانەکەی کردە خاوەنی دوو گۆڵ و هاندەرانی زیاتر دڵخۆشکرد.
 
لە خولەکی 40 تەلحە دینچەر ئەنجامەکەی بۆ یانەی ئارناڤوتسپۆر کەمکردەوە و نیوەی یەکەم بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندی ئامەدسپۆر کۆتاییهات.
 
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا، بەرک ئیسماعیل گۆڵی سێیەمی ئامەدسپۆری تۆمارکرد و یانەی میوانی تارادەیەکی زۆر بێهیوا کرد.
 
خولەکی 67 چەکدا ئۆرهان بەشێوازێکی جوان یاریی بە بەرگریکارانی تیپی بەرامبەر کرد و ئامەدسپۆری کردە خاوەنی چوار گۆڵ.
 
پێشکۆتاییهاتنی یارییەکە بە خولەکێک مەرت چاپەر، گۆڵی دووەمی خۆی و پێنجەمی ئامەدسپۆری تۆمارکرد، یانەکەی باکووری کوردستان بە ئەنجامێکی گەورەوە سێ خاڵی بەدەستهێنا.
 
بەبردنەوەی ئەم یارییە ئامەدسپۆر شوێنی خۆی لە پلەی یەکەمی ریزبەندی کۆمەڵەی سوود بەهێزکرد و بە 62 خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە.