رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕی سعودی، بۆ یەکەمجار باسی سزادانەکەی دەکات و بەڵێنێکیش بە هاندەرانی یانەکەی دەدات.
رۆناڵدۆ بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر عەینی ئیماراتی، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپۆنزلیگی ئاسیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ئەمە یارییەکە نەک تەنیا بۆ یانەی نەسڕ، بەڵکو بۆ هەموو سعودییە گرنگە، چاوەڕوانی هاندەرانمان دەکەین و پێویستییەکی زۆرمان بە پاڵپشتیی ئەوان هەیە و دەمانەوێت بگەینە قۆناخی پێشکۆتایی.'
کریستیانۆ دەڵێت "بەڵێن بە هاندەرانی یانەکەمان دەدەین هەموو شتێک لە پێناو ئەواندا بکەین، سبەی دەمانەوێت ریمۆنتادا بکەین و بگەینە قۆناخی داهاتوو، سبەی یان مردن یان مردن، ئەوەی بدۆڕێت دەردەکرێت، بەڵام بیرکردنەوەی من ئەوەیە کە نەسڕ دەیباتەوە و سەردەکەوێت."
ئەستێرە پۆرتوگالییەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت "دڵخۆشم لە سعودیەم و دڵخۆشم نوێنەرایەتیی نەسڕ دەکەم، بە بۆچوونی من تاوەکو ئێستا وەرزەکە ئەرێنییە و هەلی بردنەوەی هەموو نازناوەکانمان هەیە، ژیانی مرۆڤ پڕە لە ئاڵنگاری و من ئەوەم خۆشدەوێت و بەپەرۆشم بۆ یارییەکەی بەرامبەر عەین."
رۆناڵدۆ دەڵێت "یارییەکە لە یاریگەی خۆمان و لەبەردەم هاندەرانمانە، بەڕای من لە یاریی چووندا دەکرا گۆڵێک یان دووان بکەین، ئەگەر هاوشێوەی یاریی چوون یاری بکەین و سوود لە هەلەکان وەربگرین دەتوانین یارییەکە ببەینەوە و بۆ ئەوەش پێویستیمان بە پاڵپشتیی هاندەران هەیە."
کاپتنی یانە سعودییەکە بۆ یەکەمجار باسی سزادانەکەی دەکات، کە بەهۆی هەڵسوکەوتەکانی لە یاریی بەرامبەر شەباب بۆ یارییەک راگیرابوو و گوتی "هەندێک خەڵک بەهەڵە لە دۆخەکە تێگەیشتوون، من هەمیشە بەشێوەی دروست مامەڵە دەکەم، ئەوەی لەسەری سزادرابوو بەهەڵە لێی تێگەیشتبووم، کە لە ئەوروپا کارێکی رێگەپێدراو و ئاساییە و بە ئەنقەست هیچ هەڵەیەک ناکەم."
رۆناڵدۆ لەو بارەیەوە زیاتر گوتی "من هەمیشە رێز لەو وڵاتە دەگرم کە لێی دەژیم، ئەم هەڵسوکەوتانە لە ئەوروپا ئاسایین و ئاماژەن بۆ ویستی یارییەکی گەرموگۆڕ، بۆیە دووپاتیدەکەمەوە کە هیچ هەڵەیەکم بە ئەنقەست نەکردووە."
ئەم قسانەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەکاتێکدان، یاریزانەکە بەهۆی شێوازی ئاهەنگگێڕانەکەیەوە بەرامبەر یانەی شەباب بۆ یارییەک سڕکرا و دوای ئەوە بەرامبەر یانەی حەزم یاریی نەکرد.
رۆژی دووشەممە لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، یانەی نەسڕی سعودی کاژێر 22:00 لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی عەینی ئیماراتی دەکات، لە یاریی چووندا عەین 1-0 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و نەسڕ جگە لە بردنەوە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە بۆ گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ