هەواڵی نوێ لەبارەی دانی ئەلڤێشەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

هەواڵی خۆکوشتنی دانی ئەلڤێش، ئەستێرەی هێڵی بەرگری بەرازیل و پێشووی یانەی بارسێلۆنا لەنێو زینداندا لە ماوەی چەند کاژێری رابردوودا بووەتە رۆژەڤێکی گەرمی میدیای جیهان، بەڵام هەواڵەکە راست نییە.
 
دوای ئەوەی دوو هەفتە لەمەوبەر دادگا بڕیاریی زیندانیکردنی یاریزانەکەی بۆ ماوەی 4 ساڵ و نیو دەرکرد، یاریزانەکە کەوتە دۆخێکی خراپەوە، لە چەند کاژێری رابردوودا کەسێک بەناوی پابلۆ ئالبوکراکی، هەواڵێکی بڵاوکردەوە، کە گوایە یاریزانەکە لەنێو زینداندا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، ئەم هەواڵە بەخێراییەکی زۆر لە جیهاندا بڵاوبووەوە و دەنگدانەوەیەکی گەورەی دروستکرد.
 
ئالبوکراکی کاتێک هەواڵەکەی راگەیاند، نووسیبووی بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست من کەوتوون، ئەلڤێش کەوتووەتە دۆخێکی دەروونی وێرانکەر و بەو هۆیەوە لە زینداندا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
 
مارسێلۆ بلیشەر، رۆژنامەڤانی بەنێوبانگی بەرازیل دەڵێت "پەیوەندیم بە چەندین بەڕێوەبەر و نزیکەکانی دانی ئەلڤێش کردووە، ئەوەی لەبارەی کۆتاییهێنا بە ژیانی ئەوەوە بڵاوکراوەتەوە، بەهەموو شێوەیەک دوورە لە راستی."
 
دوای دەنگدانەوە زۆرەکەی ئەم هەواڵە لە میدیای جیهاندا، نی ئەلڤێش، برای دانی ئەلڤێش لەلێدوانێکدا گوتی "دایکم و باوکم بەتەمەنن، ئەو کەسانەی هەواڵی مردنی برایەکەم بڵاودەکەنەوە، ماڵباتیان نییە و گرنگی بە هەستی کەسانی دیکە نادەن، لەوە شەرمەزارکەرتر ئەوەیە لە کاردانەوەکان بینیم هەندێک کەس بەڕاستی حەزدەکەن دانی بمرێت."
 
دانی ئەلڤێش لە دیارترین بەرگریکارەکانی باڵی راستبووە، ماوەیەکی زۆرە بەهۆی دەستدرێژیکردنە سەر ئافرەتێک لە یەکێک لە هۆتێلەکانی شاری بارسێلۆنای ئیسپانیا لە زینداندایە و نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر کاتێک یاریزانەکە دادگایی کرا، دادگای ئیسپانیا بڕیارییدا یاریزانەکە بۆ 4 ساڵ و نیو زیندانی بکرێت.