پۆچێتینۆ: خەتای ناوبژیوان بوو

رووداو دیجیتاڵ

 

ماورێسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، هۆکاری دەرکردنی یانەکەیان لە چامپیۆنزلیگدا بۆ هەڵەی ناوبژیوان دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت "ئەوەی لەم یارییەدا روویدا مایەی شەرمەزاری بوو".
 
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ برنابیۆ لە مەدرید، میوانداری یانەی پاریس سانجێرمانی کرد و 3-1 لێیبردەوە و بلیتی قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا.
 
ماورێسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری پاریس سانجێرمان، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە، بە نیگەرانییەوە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رەخنەیەکی تووندی لە ناوبژیوانی یارییەکە و یاریدەدەرانی گرت.
 
راهێنەری یانە پاریسییەکە گوتی "ئەوەی روویدا شەرمەزاری بوو، گۆڵی یەکەمی ریال مەدرید فاولێکی ئاشکرابوو لە کەریم بنزیماوە دژی دۆنارووما، هەڵەیەکی گەورەی ناوبژیوان بوو، هیچ رەوا نییە هەڵەیەکی وا لە ساڵی 2022 رووبدات".
 
ئەو گوتیشی "کاتێک گۆڵێکت بەو شێوەیە لێدەبێت، بێگومان سیناریۆی یارییەکە بەتەواوی دەگۆڕێت، هەروەها حاڵەتی دەروونی و هزری یاریزانەکان تێکدەچێت، هەروەها جەماوەری بێرنابیۆش زۆر بە باشی پشتگیری لە تیپەکەیان کرد".
 
راهێنەرە ئەرجەنتینییەکەی یانە فەرەنسییەکە، زیاتر رەخنەی لە ناوبژیوانان گرت و گوتی "هێشتا بڕوا بەوە ناکەم کە ناوبژیوان لە گۆڵی یەکەمی ریال مەدرید نەگەڕایەوە ڤار، کە لە هەموو گۆشەکانەوە دیاربوو هەڵەیەکی روون و ئاشکرابوو، تێناگەم بۆچی ناوبژیوانی ڤاریش هیچ قسەیەکی نەبوو".
 
پۆچێتینۆ لە کۆتایی قسەکانیدا گوتیشی "لە 10 خولەکدا چەند وردەکارییەکی بچووک بلیتی سەرکەوتنیان یەکلاییکردوە، بەڵام ئێمە لە هەردوو یارییدا باشتر بووین، گرنگ ئەوەیە لە ساتە زەحمەتەکانی تۆپی پێدا خۆڕاگربی".