رووداوێکی چاوەڕواننەکراو لە جامی ئاسیا

10-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
قەتەر
قەتەر
نیشانەکردن جامی ئاسیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جامی ئاسیای 2023 لە قەتەر کۆتاییهات، هەڵبژاردەی قەتەر سەرجەم خەڵاتەکانی پاڵەوانێتییەکەی کۆنتڕۆڵکرد و رووداوێکی سەرنجڕاکێشیش لە پاڵەوانێتییەکەدا روویدا.
 
هەڵبژاردەی قەتەر لە یاریی کۆتایی جامی ئاسیادا، بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردن بەدەستهێنا، هەرسێ گۆڵەکەی لەلایەن ئەکرەم عەفیفەوە بەلێدانی سزا تۆمارکران و بۆ جاری دووەم لە مێژوویدا هەڵبژاردەکە بدووە پاڵەوانی ئاسیا.
 
یەکەمجارە هەڵبژاردەیەک لە یاریی کۆتاییدا سێ گۆڵ بەلێدانی سزا تۆماربکات، قەتەر ئەوەیکرد و لە یەکەم یارییدا لە جامی ئاسیادا بەرامبەر ئوردن سەرکەوتنێکی مێژوویی بەدەستهێنا.
 
دوای کۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی جامی ئاسیا، هەڵبژاردەی قەتەر جگە لە بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە سەرجەم خەڵاتەکانی دیکەشی بردەوە.
 
خەڵاتی یاریی خاوێن درایە هەڵبژاردەی قەتەر و حەسەن هەیدۆس خەڵاتەکەی وەرگرت.
 
خەڵاتی باشترین یاریزانی جامی ئاسیا، درایە ئەکرەم عەفیف، بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لە پاڵەوانێتییەکەدا پێشکێشیکرد، جگە لەوەش خەڵاتی گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی 8 گۆڵی تۆمارکرد.
 
خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی جامی ئاسیا درایە مەشعەل بەرشەم، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی قەتەر، دوای ئەوەی ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و لە 7 یارییدا 3 کلین شیتی هەبوو و رۆڵێکی گەورەی لە بەدەستهێنانی نازناوەکەدا بینی.

 
رووداوە سەیرەکەی قەتەر و جامی ئاسیا
 
هەڵبژاردەی قەتەر لە جامی ئاسیای ئەمجارەدا، 7 یاریی ئەنجامدا، هەموو یارییەکانی بەرامبەر ئەو تیپانە بوو کە ناوەکانیان بە پیتی (ن) کۆتاییدێت و سەرجەم یارییەکانی بردەوە.
 
لە یاریی یەکەمدا 3-0 بەرامبەر لوبنان سەرکەوتنی بەدەستهێنا، دوای ئەوە بەرامبەر تاجیکستان یارییکرد و 1-0 سەرکەوت، پاشان بەرامبەر چین بەهەمان ئەنجام بە 1-0 بردنەوەی سێیەمی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا تۆمارکرد.
 
لە قۆناخی شازدە، قەتەر بەرامبەر فەلەستین یارییکرد و 2-1 یارییەکەی بردەوە، پاشان لە قۆناخی هەشت رووبەڕووی ئوزبەکستان بووەوە و بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی.
 
یاریی قەتەر لە قۆناخی پێشکۆتاییدا بەرامبەر ئێران بوو، لەو یارییەدا قەتەرییەکان 3-2 سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و گەیشتنە یاریی کۆتایی، لە یاریی کۆتاییدا بەرامبەر ئوردن یارییانکرد و بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک نازناوی جامی ئاسیایان بردەوە.
 
قەتەر بەبردنەوەی جامی ئاسیای 2023، بووە پێنجەم هەڵبژاردەی ئاسیا دوو نازناو یان زیاتری بەدەستهێنابێت و 5 ملیۆن دۆلاریش وەک خەڵاتی دارایی وەردەگرێت.



 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە