هەواڵێکی ناخۆش لە یاریی کۆتایی جامی ئاسیاوە بۆ عێراق

10-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئەکرەم عەفیف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریی کۆتایی جامی ئاسیا، لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی قەتەر و ئوردن، هەواڵێکی ناخۆشی بۆ عێراقییەکان پێبوو و ئەوەی ئەوان چاوەڕێی بوون رووینەدا.
 
ئەیمەن حوسێن، هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق، لە قۆناخی کۆمەڵەکان و قۆناخی 16 توانیی 6 گۆڵ بەدرێسی هەڵبژاردەکەوە تۆماربکات، بەڵام هەڵبژاردەی عێراق لە قۆناخی شازدە کرایە دەرەوە و ماڵئاواییان لە پاڵەوانێتییەکە کرد.
 
تاوەکو پێش ئەنجامدانی یاریی کۆتایی جامی ئاسیا، عێراقییەکان هیوای ئەوەیان هەبوو عێراق دەستکەوتێکی لە جامی ئاسیادا هەبێت، ئەوان چاوەڕوانبوون ئەیمەن حوسێن ببێتە گۆڵکاری جامی ئاسیا، بەڵام ئەکرەم عەفیف ئەو هیوایەی عێراقییەکانی لەنێو برد.
 
لە یاریی کۆتایی جامی ئاسیادا، ئەکرەم عەفیف سێ گۆڵی بەلێدانی سزا تۆمارکرد و بە هاتریک سەرکردایەتیی هەڵبژاردەکەی کرد بۆ بردنەوەی نازناوی دووەمی جامی ئاسیا لەسەریەک و ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە 8 گۆڵ لە پاڵەوانێتییەکەدا.
 
ئەکرەم عەفیف، لە جامی ئاسیای رابردووە بەشداریی لە 19 گۆڵدا کردووە، 6 گۆڵ و 13 ئاسیستی هەیە، ئەمە بەرزترین رێژەی یاریزانێکە لەو کاتەوەی ئەم داتایانە بۆ جامەکە زیادکراون لە 2007، لە جامی ئاسیای ئەمجارەشدا بەشداریی لە 11 گۆڵدا کرد کە 8 گۆڵی تۆمارکرد و 3 ئاسیستی هەبوو.
 
ئەکرەم عەفیف، کە بەباشترین یاریزانی یاریی کۆتایی جامی ئاسیا دیارییکرا، لە دوایین 10 یاریی جامی ئاسیادا بەشداریی لە 11 گۆڵدا کردووە.


 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە