قەتەر بە هاتریکی عەفیف و لێدانی سزا بووە پاڵەوانی ئاسیا

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی قەتەر بۆ جاری دووەم لەسەریەک نازناوی جامی ئاسیای بردەوە، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردن بەدەستهێنا.
 
لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا، لە یاریگەی لوسەیل هەردوو هەڵبژاردە رووبەڕووی یەکبوونەوە، تەمیم بن حەمەد ئەلسانی، میری قەتەر و جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان و چەندین کەسایەتیی دیکە لە یارییەکەدا ئامادەبوون.
 
دوای 22 خولەک یارییکردن، لێدانێکی سزا بۆ هەڵبژاردەی قەتەر هەژمارکرا، ئەکرەم عەفیف، ئەستێرەی یەکەمی هەڵبژاردەکە سەرکەوتووانە لێدانەکە جێبەجێکرد و گۆڵی یەکەمی یارییەکەی تۆمارکرد و نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندیی قەتەرییەکان تەواو بوو.
 
لە نیوەی دووەمدا و لە خولەکی 67 یەزن نەعیمات گۆڵێکی بۆ ئوردن تۆمارکرد، ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
 
زۆر نەبرد، ناوبژیوانی چینی ما نینگ لێدانێکی دیکەی سزای هەژمارکرد، ئەمجارەش ئەکرەم عەفیف جێبەجێیکرد و قەتەر بووە خاوەنی دوو گۆڵ و یاریزانەکەش گۆڵی هەشتەمی لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا تۆمارکرد.

 
لە کاتی زیادکراوی یارییەکە لێدانێکی سزای دیکە بۆ قەتەر هەژمارکرا، ئەکرەم عەفیف بەلێدانی سزا هاتریکی لە یاریی کۆتایی جامی ئاسیادا تۆمارکرد، قەتەر یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە، بۆ جاری دووەم لەسەریەک بووە پاڵەوانی جامی ئاسیا و دووەم نازناوی بەدەستهێنا.
 
ئوردن یەکەمجاربوو بگاتە یاریی کۆتایی جامی ئاسیا، بەڵام خەونەکەی بۆ بردنەوەی نازناوەکە نەبووە راستی.

 
هەڵبژاردەی قەتەر لە دوایین 14 یاریی جامی ئاسیادا سەرجەم یارییەکانی بردووەتەوە و هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، هەڵبژاردەکە پێنجەم هەڵبژاردەی ئاسیایە دوو نازناو یان زیاتری لەسەر ئاستی ئاسیا بەدەستهێنابێت.
 
یاریی کۆتایی جامی ئاسیا، یەکەم رووبەڕووبوونەوەی هەردوو هەڵبژاردەبوو لە مێژووی جامی ئاسیادا و قەتەر یارییەکەی بردەوە، لە دوایین 5 یاریی نێوانیشیاندا ئەمە یەکەمجارە قەتەر لە ئوردن دەباتەوە.