ڤیدیۆ؛ ئەو ئەستێرەیەی قورئان خوێندن گەیاندییە یاریی کۆتایی جامی ئاسیا

 
رووداو دیجیتاڵ

ئێستا دیارترین ناوی هەیە لەسەر ئاستی هەموو ئوردن، هەمووان شانازیی پێوە دەکەن و ناویان ناوە مێسی عەرەب، بەڵام ئەو دەڵێت : من موسا تەعمەریم، من موسا ئوردنیم."
 
موسا تەعمەری، ئەو یاریزانەی لە جامی ئاسیادا بەتەواوی درەوشایەوە و ناوی کەوتە سەر زاری هەمووان، ئەو یاریزانەی بە ئاستە بەرزەکەی هاوکاریی وڵاتەکەی کرد، بۆ گەیشتن بە خەونێک کە چەندین ساڵە ئوردنییەکانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە و هەندێکیشیان هەر بە خەیاڵیاندا نەدەهات، خەونی گەیشتن بە یاریی کۆتایی جامی ئاسیا.
 
تەعمەری لە 10 حوزەیرانی ساڵی 1997 لە عەمان لە دایکبووە، سەرەتای یارییکردنی ئەو لە تیپی لاوانی شەباب ئوردن بوو، ساڵی 2016 بەخێراییەکی زۆر دەرکەوت و دوای تەنیا دوو ساڵ کاروانی یارییکردنی بردە دەرەوەی ئوردن و پەیوەندیی بە ئاپۆێل نیقوسیای قوبرسییەوە کرد.
 
لە ئاپۆێل موسا زیاتر پێشکەوت یانەی لێ هاڤنی بەلجیکی لە 2020 گرێبەستی لەگەڵ واژۆکرد، لە هاوینی رابردوو یاریزانەکە زیاتر چووە پێشەوە و پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی مۆنپێلێی فەرەنسی کرد.
 
موسا تەعمەری بە منداڵی کەسێکی ئارام و لەسەرەخۆ بووە، لە مزگەوتی ساڵحین گەورە بووە و چوونە دەرەوەی لە وڵاتەکەی بۆ ئەو زۆر زەحمەتبوو، بەڵام بڕیارییدا و رێگەی خۆی گرت.
 
لە تۆپی پێدا هاندەرانی ئوردن پێی دەڵێن، مێسی ئوردن، بەڵام لە مزگەوتی ساڵحین بە شێخ موسا بەنێوبانگە، موسا زۆرینەی کاتەکانی لە مزگەوت بووە و خەریکی خوا پەرستی بوو، قورئانی دەخوێند و لە کاتی خۆیدا نوێژەکانی دەکرد، پاشان دەچووە یاریگە و تۆپی پێی دەکرد.
 
ماموستایەکی موسا تەعمەری دەڵێت "موسا کەسێکی زۆر باش و پابەند بوو، لە نێو هەموواندا بە راستگوییەکەی بەنێوبانگ بوو."
 
تەعمەری لە دوای بردنەوەکەیان لە هەڵبژاردەی عێراق، رۆڵێکی گەورەی لە ئارامکردنەوەی گرژییەکان بینی، ئاڵایەکی عێراقی بڵاوکردەوە و گوتی "ئەو ئاڵایەی بە "اللە اکبر " نەخشێنراوە نابێت بهێنرێتە خوارەوە، بەمەش یاریزانەکە زیاتر چووە نێو دڵی خەڵک و عێراقییەکانیش بوونە هاندەری.
 
موسا تەعمەری، مێسییەکەی ئوردن ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەکەی لە یاریی کۆتایی جامی ئاسیایە، ئەو 3 گۆڵی تۆمارکردووە و ئەمڕۆ دەیەوێت بە تۆمارکردنی گۆڵی زیاتر، یەکەم نازناوی پاڵەوانێتییەکە لە دەوحەوە بباتەوە عەمان.