ڤیدیۆ؛ کۆنسولی گشتی ئوردن لە کوردستان، بۆ رووداو: لەگەڵ رەوەندی ئوردنی لە هەولێر سەیری یاریی کۆتایی جامی ئاسیا دەکەم

10-02-2024
ئیحسان تاهیر
فوئاد مەجالی، کۆنسولی گشتی ئوردن لە هەرێمی کوردستان
فوئاد مەجالی، کۆنسولی گشتی ئوردن لە هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن کۆنسولی گشتی ئوردن لە هەرێمی کوردستان یاریی کۆتایی جامی ئاسیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

فوئاد مەجالی، کۆنسولی گشتی ئوردن لە هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە یاریی کۆتایی جامی ئاسیا، میوانی رووداو بوو. ئەو دووپاتیکردەوە کە لەگەڵ رەوەندی ئوردنی لە کەش و هەوای جوانی هەولێردا، سەیری یارییەکە دەکەن. گوتیشی سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات، کە سەدان نامەی پیرۆزباییان بۆ ناردووە بەبۆنەی گەیشتنی هەڵبژاردەی ئوردن بە یاریی کۆتایی جامی ئاسیای 2023.
 
ئەمڕۆ کاژێر 18:00 بە کاتی باشووری کوردستان، هەردوو هەڵبژاردەی قەتەر و ئوردن لەسەر یاریگەی لوسەیل لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، یاریی کۆتایی جامی ئاسیا ئەنجام دەدەن.
 
فوئاد مەجالی، کۆنسولی گشتی ئوردن لە هەرێمی کوردستان، سەرەتا سوپاسی رووداوی کرد بۆ ئەو بایەخەی بە پاڵەوانێتییەکە و یاریی کۆتایی داوە و گوتی "زۆر سوپاستان دەکەین بۆ ئەم گرنگیپێدانەی کەناڵەکەتان بە یاریی کۆتایی، کە ئەم یارییە بۆ ئوردن یارییەکی مێژووییە، سوپاس بۆ خوا کەش و هەوای هەولێر جوان و ئارامە، لەگەڵ رەوەندی ئوردنی سەیری یارییەکە دەکەین، لەگەڵ سەدان و هەزاران هاندەری ئوردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان".
 
ئەو لەبارەی یارییەکەوە گوتی "پشتیوان بەخوا یارییەکی جوان دەبێت، وەک یارییەکی دۆستانەیە هیچ دۆڕاوێک نییە لەنێوان دوو برادا، وەک یارییەکەی قۆناخی شانزدە لەگەڵ پاڵەوانانی رەفیدەین، بەڵام ئەمە کێبرکێیەکی وەرزشییە لە ماوەی 90 خولەکدا. پشتیوان بەخوا هەڵبژاردەی ئوردن دەستکەوتێکی دیکەی مێژوویی دەباتەوە، کە یەکەمجارە دەگاتە یاریی کۆتایی جامی ئاسیا".
 
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا، کە پێشبینیت دەکرد هەڵبژاردەی ئوردن بگاتە یاریی کۆتایی جامی ئاسیا؟ کۆنسولی گشتیی ئوردن لە هەرێمی کوردستان، لە وەڵامدا گوتی "لە راستیدا زۆر لە شرۆڤەکاران و ئەوانەی سەیری تۆپی پێ دەکەن هەڵبژاردەی ئوردنیان بەربژێر نەکردبوو بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی، بەڵام هەڵبژاردەکەمان متمانەیان بە تواناکانیان هەبوو". 
 
هەروەها گوتیشی "لە بەرامبەردا زۆریش هەبوون پێشبینیان دەکرد ئوردن بگاتە قۆناخەکانی پێشەوە. پشتیوان بەخوا گەیشتینە یاریی کۆتایی، بەڵام ئەمە دەرئەنجامی کارکردن بوو، لەخڕڕا نەبووە، کاری چڕ و پڕ کراوە، پلان دانراوە، پشتگیری هەبووە، پشتیوانی سەرکردایەتی هاشمی لەلایەن خاوەن شکۆ، شاکەمان و هەروەها جێنشینەکەی و یەکێتیی تۆپی پێی ئوردنی بوو وایکرد بگەینە ئەم قۆناخە". 
 
فوئاد مەجالی، زیاتر گوتی "هەروەها ئامادەبوونی جێنشین، کە نەک هەر لەسەر سەکۆی سەرەکی بوو، بەڵکو دەچووە نێو هاندەرانیش، ئەمە کاریگەری زۆری هەبوو. سیستمەکە بەکۆی گشتی ئەمجارە کاریکردووە، لە رووی کارگێڕیی، تەکنیکی و یاریزانەکان، سوپاس بۆ خوا هەڵبژاردەکەمان سەری هەموو ئوردنییەکانی بەرزکردەوە شانازییان پێوەدەکەین. پشتیوان بەخوا ئەمڕۆ زیاتر بەدەستدێنین و نازناوەکە دەبەیەنەوە".
 
رووداو لێیپرسی گەشبین دیاری، پێشبینیت چییە بۆ یارییەکە؟ کۆنسولی گشتی ئوردن لە هەرێمی کوردستان، لە وەڵامدا، دووپاتیکردەوە "گەشبینم، زۆر گەشبینم وەک هەموو ئوردنییەکان، بەڵام ئەمە تۆپی پێیە و ناکرێت پێشبینی بکەی، بەڵام پشتیوان بەخوا ئەمڕۆش دڵخۆش دەبین، بەو بۆنەیەشەوە دەمەوێت زۆر سوپاسی هاندەرانمان بکەین، خەڵکی هەرێمی کوردستانی دۆست و هاوڕێ، کە سەدان پەیوەندی و نامە و پەیاممان پێگەیشتووە و پیرۆزباییمان لێدەکەن، بەڕاستی ئەمە مایەی شانازییە و دووبارەی دەکەمەوە ئێمە گەشبینین، بەڵام ئەنجامەکە هەرچییەک بێت شانازی بە هەڵبژاردەکەمانەوە دەکەین و لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە کە جامەکە بۆ ئوردن بێت".
 
ئەگەر زانیارییت هەبێت، شای ئوردن یان شازادە ئامادەی ئەم یارییە دەبن؟ ئەمە پرسیارێکی دیکەی رووداو بوو لە کۆنسولی گشتی ئوردن لە هەرێمی کوردستان؟ کە ئەو لە وەڵامدا گوتی "لە راستیدا زانیاریم نییە لەسەر ئەو وردەکارییانە، بەڵام بەدڵنیاییەوە، بەشدارییەکی گەورە و باڵا و بەرفراوان دەبێت، هەموومان پشتیوانی هەڵبژاردەکەمان دەکەین و ژمارەیەکی زۆر هاندەری ئوردنیش لە قەتەرن، بەدڵنیاییەوە بەدواداچوون دەبێت لەسەر ئاستی باڵا و هەموو گەلی ئوردنی بەشێوەیەکی گشتی هانی هەڵبژاردەکەیان دەکەن".
 
رووداو لێیپرسی، زانیاریمان هەیە کە خۆت پێشتر یاریزانی تۆپی پێ بووی، ئێستا پەیوەندیت چۆنە لەگەڵ تۆپی پێ؟ کۆنسولی ئوردن لە وەڵامدا گوتی "تۆپی پێ یارییەکی جەماوەرییە. لە ئوردن یاریی پلە یەکە وەک لە عێراقی دۆست و هاوڕێشمان بەو شێوەیە. من زۆر بەدواداچوون بۆ هەڵبژاردەی ئوردن و بۆ خولی ئوردنی دەکەم. خولی عێراقیش خولێکی بەهێزە و کێبرکێیەکی بەهێزی تێدایە، بۆیە سەیری یارییەکان و سەیری وەرزش دەکەم ئەمە ئاسانترە لە سیاسەت".
 
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە پێشتر یاریت کردووە؟ لە چ هێڵێک یارییت کردووە؟ ئەو گوتی "من هێرشبەر بووم".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامادەبوونی هاندەران لە ستۆدیۆی تایبەتی رووداو بۆ رووماڵی یارییەکانی یۆرۆی 2024. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بینەرانی رووداو بوونە براوەی یۆرۆ 2024

بینەرانی رووداو بەشێوەیەکی زۆر ئینتراکتیڤ بەشدارییان لە بەرنامەکانی رووداو دا کرد، بۆ نیشاندانی بۆچوون و پێشبینییەکانیان، بە ملیۆنان تێچێن (کۆمێنت) بەشدارییان لەگەڵ بەرنامەی (ستۆدیۆی یۆرۆ)ی رووداو دا کرد. 84 بینەری رووداو لە پارێزگا جیاوازەکانی کوردستان بوونە براوەی خەڵاتەکانی رووداو. خەڵاتەکانیش بەوشێوەیە بوون:( یەک ئۆتۆمبێل، 23 تەلەڤزیۆن، 23 لیرەی زێڕ، 28 ئایپاد، 20 مۆبایلی زیرەک، 12 دەست کەلوپەلی نێوماڵ).