لیۆنێل مێسی 3.5 ملیۆن یۆرۆ دەبەخشێتە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە


رووداو دیجیتاڵ 

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی تۆپی پێی ئەرجەنتین و یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بڕی 3.5 ملیۆن یۆرۆ واتە 3.74 ملیۆن دۆلار بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریا تەرخان دەکات. 
 
هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەرجەنتین رۆژی هەینی لە تویتێکدا بڵاویکردەوە: "لیۆنێل مێسی بڕی 3.5 ملیۆن یۆرۆی بەخشیووە بۆ یارمەتیدانی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا". 
 
ژمارەیەک لە ماڵپەڕەکان بە بایەخەوە هەواڵەکەیان بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیان بەوە کردووە، پێدەچێت بەخشینەکەی لیۆنێل مێسی گەورەترین بەخشینی تاکەکەسی بووبێت تۆمارکرابێت. 
 
کەسایەتی، یانە و دامەزراوە وەرزشییەکان لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا هاوسۆزیی قووڵی خۆیان بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریا دەربڕیوە. 
 
بوومەلەرزەکەی رۆژی دووشەممە زیانی گەورەی هەبوو. رۆژی هەینی فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا رایگەیاند، 20 هەزار و 212 کەس گیانیان لەدەستداوە و  80 هەزار و 52 کەسی دیکە بریندارن.