جێرارد: کارەکان باشتردەبن و کارکردن لەگەڵ کۆتینیۆ دڵخۆشییە

10-02-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن فیلیپ کۆتینیۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ستیڤن جێرارد، راهێنەری یانەی ئاستۆن ڤێلای ئینگلیزی ستایشی ئاستی فیلیپ کۆتینیۆ، ئەستێرەی یانەکەی دەکات، دوای ئەو ئاستە بەرزەی بەرامبەر لیدز یونایتدی پێشکێشیکرد.
 
لە یاریی گەڕی 24ـی پرێمەرلیگدا، ئاستۆن ڤێلا و لیدز یونایتد لە یاریگەی ڤێلا پارک رووبەڕووی یەکبوونەوە، فیلیپ کۆتینیۆ لە یارییەکەدا گۆڵێکی تۆمارکرد و دوو گۆڵی دروستکرد، کە یارییەکە بەیەکسانبوون بە 3-3 بۆ هەرلایەکیان کۆتاییهات.
 
دوای یارییەکە ستیڤن جێرارد لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی " کۆتینیۆ زۆر نایاب بوو، ئەو نزیکە لە گەڕاندنەوەی ئەو ئاستەی کە لای هەمووان پێی ناسراوە و باسیدەکەن."
 
جێرارد زیاتر گوتی " شتەکان باشتر دەبن و کارکردن لەگەڵ کۆتینیۆ جێگەی دڵخۆشییە."
 
فیلیپ کۆتینیۆ، لە گواستنەوەی زستانەدا بەشێوەی خواستن پەیوەندیی بە یانەی ئاستۆن ڤێلاوە کرد، بەهۆی ئەوەی کە لەگەڵ بارسێلۆنا ئاسوودە نەبوو، لە دوای کۆتاییهاتنی وادەی خواستنەکەشی یانە ئینگلیزییەکە دەتوانێت بەرامبەر 40 ملیۆن یۆرۆ کۆتینیۆ بەیەکجاری بکڕێتەوە.
 
یاریزانە بەرازیلییەکە لە 3 یارییدا لەگەڵ ئاستۆن ڤێلا 2 گۆڵی تۆمارکردووە و 2 ئاسیستی هەیە.
 
فیلیپ کۆتینیۆ و ستیڤن جێرارد پەیوەندییەکی زۆرباشیان بەیەکەوە هەیە و پێشتر لە یانەی لیڤەرپوول بەیەکەوە یارییانکردووە، بۆ پەیوەندیکردن بە ئاستۆن ڤێلاش، جێرارد خۆی چەندجارێک پەیوەندیی بە ئەستێرە بەرازیلییەکەوە کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە