وردەکاریی دروستبوونی پشێوی لە یاریی نێوان سەیدسادق و هەڵەبجەی شەهید

لە میانی یارییەکانی گەڕی شەشەمی خولی پلە یەکی کوردستان، لە پارێزگای هەڵەبجە، هەردوو یانەی سەیدسادق و هەڵەبجەی شەهید رووبەڕووی یەکدیی بوونەوە، بەڵام بەهۆی دروستبوونی پشێویی، ناوبژیوان لە خولەکی 63 یارییەکەی راگرت.

یارییەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاندەری هەردوو یانە بەڕێوەچوو، تێدا چەند جارێک یاریزانانی هەردوو یانە بە بڕیارەکانی ناوبژیوان ناڕازیبوون.

لە سەرەتای گێمی دووەم ناوبژیوان فاوڵێکی بۆ یانەی سەیدسادق هەژمار کرد، لەکاتی جێبەجێکردنی فاوڵەکەدا هاندەران بە هاویشتنی دار و دەبەی ئاو، هێرشیانکردە سەر ناوبژیوان و برینداریان کرد، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی راگرتنی یارییەکە لەلایەن ناوبژیوانەوە و یارییەکە بەردەوام بوو.

لە خولەکی 63 ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ یانەی سەیدسادق هەژمار کرد، جارێکی دیکە یاریزانەکانی هەڵەبجە لە بەرامبەر بڕیاری ناوبژیوان کاردانەوەیان نیشاندا، بەدوایدا جارێکی دیکە لەلایەن هاندەرانی ئامادەبووی یارییەکە بە هاویشتنی دەبەی ئاو هێرشکرایە سەر ناوبژیوان و یاریزانان، بەجۆرێک یارییەکە لەوە دەرچوو لە هێزە ئەمنییەکان بتوانن کۆنتڕۆڵی کەشەکە بکەن، هەر بۆیە بەناچاری و  بە بڕیاری ناوبژیوان یارییەکە راگیرا.

تەیب رەشید سەرۆکی یانەی سەید سادق بە رووداوی راگەیاند: "پێش دەستپێکردنی یارییەکە من و بەرپرسانی هەڵەبجە رێککەوتبووین کە بەشی سەرەوەی پەیژەی یاریگاکە تەرخان بکرێت بۆ هاندەرانی سەیدسادق، بەڵام کە هاندەرانی ئێمە هاتن بۆ نێو یاریگاکە بەشی زۆری ئەو کورسیانەی بۆ هاندەرانی ئێمە تەرخانکرابوو، هاندەرانی هەڵەبجەی لەسەری دانیشتبوون، بۆیە پێکدادان لەنێو هاندەران دروست بوو".

هەروەها سەرۆکی یانەی سەیدسادق بە رووداوی گوت: "لەیاریگەی ئێمە هیچ کێشە و گرفتێک دروست نابێت، بەڵام نازانم بۆ ئێمە دەبینە میوانی هەر تیپێک، بەو شێوە مامەڵە لەگەڵ هاندەرانی ئێمە دەکرێ، هەست دەکەم نیازێک هەیە کە نایەوێ سەیدسادق بۆ خولی نایابی کوردستان سەربکەوێت".

ئەمە جاری دووەمە لەم وەرزەی خولی پلە یەکی کوردستان، یاریی سەیدسادق بەهۆی دروستبوونی پشێوییەوە رادەگیرێت، جاری یەکەم لە یاریی نێوان سەیدسادق و ئاشتی بەهۆی دروستبوونی پشێوی و ئاڵۆزیی، یارییەکە راگیرا، بەهەمان شێوەش لە یارییەکەی ئەمڕۆی نێوان هەڵەبجە و سەیدسادق، یارییەکە تەواونەکرا.