دایکی یۆرگن کڵۆپ بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا

10-02-2021
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
A+ A-

ئێلیزابێس کڵۆپ، دایکی یۆرگن کڵۆپی راهێنەری یانەی لیڤەرپوول لە تەمەنی 81 ساڵی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد، بەڵام یۆرگن کڵۆپ ناتوانێ ئامادەی پرسەکەی دایکی ببێت.

بەهۆی گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاریداوە هەموو هاتنە ناوەوەیەک لە بەریتانیاوە بۆ وڵاتەکەی قەدەخە بکات، بۆیە یۆرگن کڵۆپ ناتوانێ لە پرسەکەی دایکی ئامادەبێت. 

سەبارەت بە رۆڵی دایکی لە ژیانی ئەودا، کڵۆپ گوتی: "لەدەستدانی دایک بەمانای لەدەستدانی پارچەیەک لە خۆت دەگەیەنێت، ئەو هەموو شتێکی بۆ من دروست کرد، بەمانای وشە دایکێکی راستەقینە بوو".

راهێنەرەکەی لیڤەرپوول زیاتر لە بارەی دایکییەوە دەدوێت و دەڵێت: "دوایین جار لە تەمەنی 80 ساڵی و لە یادی لەدایکبوونیدا سەردانی دایکمم کرد، دڵنیام دایکم وەکو ژنێکی خواپەرست ئێستا لە شوێنێکی باشترە".

یۆرگن کڵۆپ زۆر خەمبارە بەهۆی ئەوەی ناتوانێ لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی دایکی ئامادەبێت، بەهۆی رێساکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە گیراونەتەبەر، بەڵام کڵۆپ دەڵێت: "راستە ئێستا بەهۆی ئەو باردودۆخە دژوارەوە ناتوانم بگەڕێمەوە بۆ ئەڵمانیا و ئەمە خەمباری کردووم، بەڵام بەڵێن دەدەم هەرکات بارودۆخ رێگەی پێدام بگەڕێمەوە وڵاتەکەم، بەجوانترین شێوە یادی دایکی کۆچکردووم دەکەمەوە".

ئەلیزابێس لە ساڵی 1960 لەگەڵ نۆربێرت کڵۆپ ژیانی هاوسەرگیریی پێکهێناوە، خاوەنی 3 منداڵن بەناوەکانی ستیڤانی لەدایکبووی 1960، ئیسۆڵد کڵۆپ 1967، دوایین نەوەشیان یۆرگن کڵۆپی تەمەن 53 ساڵەیە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە