ئایا دی برۆین بۆ چامپیۆنزلیگ دەگەڕێتەوە؟ گواردیۆلا وەڵامدەداتەوە

10-02-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دی برۆین گواردیۆلا
A+ A-

رووداو دیجیتال

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری ئیسپانیی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، باسی رەوشی کێڤن دی برۆینی ئەستێرەی بەلجیکیی یانەکەی کرد، کە ماوەیەکە تووشی پێکان بووە و هەوادارانی سیتیزنس زۆر بەپەرۆشن بۆ گەڕانەوەی ئەستێرەکەیان بۆ نێو یاریگەکان، بەتایبەتیش کە چامپیۆنزلیگ نزیکە لە دەستپێکردنەوە.

دی برۆین بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە دوایین 5 یاری یانەکەیدا نەکردووە، دوای ئەوەی لە مانگی رابردوودا بەرامبەر ئاستۆن ڤێلا تووشی پێکان بوو.

گواردیۆلا لەبارەی دۆخی تەندروستی ئەستێرە بەلجیکییەکەی یانەکەی، لە لێدوانێکدا گوتی "دی برۆین باش کاردەکات، ئێستا مەشق دەکات، ئەو لەسەر پێی خۆیەتی، هێشتا لەگەڵ تیپەکەی بەشێوەی کۆمەڵ مەشقی نەکردووە، بەڵام بە باشی دەجوڵێت".

راهێنەری مانچێستەر سیتی لەو بارەیەوە زیاتر گوتی "دی برۆین رازییە بە دۆخی خۆی".

کاتێک پرسیاری ئەوەیان لێکرد، ئایا دی برۆین بۆ بەشداریکردن لە یارییەکەی بەرامبەر یانەی بۆرووسیا مونشنگلادباخ لە گەڕی 16ـی چامپیۆنزلیگ ئامادەدەبێت؟ پێپ گواردیۆلا لە وەڵامدا گوتی "ناتوانم هیچ بڵێم".

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، گواردیۆلا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد "ئێمە رۆژ بە رۆژ بەدواداچوون بۆ دۆخی دی برۆین دەکەین، گرنگ ئەوەیە کە ئەو دڵخۆشە، با بزانین پزیشکەکان چی دەڵێن".

کێڤن دی برۆین، بێجگە لەوەی کاپتنی مانچێستەر سیتییە، وەک گرنگترین یاریزانی پێکهاتەکەی پێپ گواردیۆلاش سەیردەکرێت، بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لە یارییەکانی یانەکەیدا پێشکەشی دەکات، کە هەمیشە بە گۆڵ و ئاسیستەکانی رۆڵی کاریگەر دەبینێت لە بردنەوەکانی سیتیزنس.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە