تایبەت بە رووداو.. لوئەی سەڵاح دەبێتە راهێنەری یانەی هەولێر

10-02-2021
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن لوئەی سەڵاح یانەی هەولێر
A+ A-

تایبەت بە رووداو

سەرچاوەیەک لە یانەی هەولێر، تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لوئەی سەڵاح بە فەرمی دەبێتە راهێنەری یانەی پایتەخت لەجیاتی رادان گاسانین".

لوئەی سەڵاح، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق و گۆڵکاری پێشووی یانەی هەولێریش بۆ رووداوی پشتڕاستی کردەوە کە بەرپرسانی یانەی هەولێر دانوستاندنیان لەگەڵ دەستپێکردووە.

دوێنێ یانەی هەولێر بەشێوەیەکی فەرمی رادان گاسانینی راهێنەری کرواتی لە ئەرکەکەی دوورخستەوە، بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی لە خولی نایابی عێراق.

لوئەی سەڵاح، ئێستا لە شاری بەغدایە و لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی "بەرپرسانی یانەی هەولێر بەر لە دوو رۆژ بە تەلەفۆن پەیوەندییان پێوەکردووم و پێیانخۆشە ببمە راهێنەری یانەکەیان"

لوئەی سەڵاح، لەدایکبووی 1980ی شاری بەغدایە، وەک یاریزان یاری بۆ یانەکانی جەوییە، زەورا، پیرسپۆلیسی ئێرانی کردووە، دواتریش روویکردوەتە یانەی هەولێر، وەک یاریزان خاوەن نازناوی گۆڵکاری مێژوویی یانەکەیە بە تۆمارکردنی 103 گۆڵ، هەروەها رۆڵی هەبووە لە بردنەوەی نازناوەکانی یانەی هەولێر لە خولی عێراق و گەیشتن بە یاری کۆتایی جامی یەکێتیی یانەکانی ئاسیا. 

سەڵاح بۆ رووداو روونیشکردەوە "لەبەرئەوە حەزدەکەم بێمە یانەی هەولێر، چونکە دەمەوێت جارێکی دیکە رۆڵم هەبێت لە زیندووکردنەوەی یانەکە لە خولی عێراق، خۆشەویستی زۆرم بۆ هاندەرانی هەیە، هەروەها دەمەوێت رۆژە خۆشەکان بگەڕێنمەوە بۆ درێس زەردەکان".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها بۆ رووداو ئاشکراشی کرد کە تەها قادر یاریدەدەری راهێنەر دەبێت و دیدار حامدیش دەبێتەوە راهێنەری گۆڵپارێزانی یانەکە.

یانەی هەولێر تاوەکو ئیستا نەیتوانیوە ئاستێکی باش لە خولی نایابی عێراق پێشکەش بکات، کە دوای 18 گەڕی خولەکە بە کۆکردنەوەی 19 خاڵ لە پلەی پازدەمی ریزبەندییدایە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە