گالەری

10-02-2020
15 Photos

یانەی شورتەی عێراق خاڵێکی بە زەحمەت لە یانەی ئیستقلالی ئێرانی وەرگرت، دوای ئەوەی هەردوو لە شاری هەولێر بەیەکگەیشتن و یەکسانبوون.

یاریگەی فرانسۆ هەریری لە پایتەختی کوردستان ئەم یارییەی لە ئامێزگرت، کە ژمارەیەکی زۆری هاندەران لە ئێران و شارەکانی خوارووی عێراقەوە هاتبوون، رێژەی ئامادەبوونی هاندەران  زیاتر بوو لە 9700 کەس، ئەنجامی یارییەکەش گۆڵێک بۆ هەرلایەک بوو.

ئەم یارییە لە چوارچێوەی رکابەرییەکانی گەڕی یەکەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا بەڕێوەچوو، کە شورتە میوانداری ئیستقلالی کرد و خاڵێکی بەزەحمەت لێوەرگرت.

بە درێژایی یارییەکە یانەی ئیستقلال باشتر یاری کرد، یانەی شورتە تەنیا بۆ خاڵێک هاتبوون و پێی رازیبوون، ئەوەبوو لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا حوسام کازم گۆڵێکی بە هەڵە لە یانەی شورتە تۆمارکرد، بەڵام سەرەتای نیوەی دووەمدا عەلی فایز توانی بە لێدانی سزا ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە و خاڵێکی بۆ یانەکەی بەدەستهێنا.

بڕیارە ١٧ـی ئەم مانگەش، لە گەڕی دووەمی کۆمەڵەی یەکەم یانەی شورتە لە یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی وەحدەی ئیماراتی ببێتەوە.