تۆمارکردنی ئۆلمۆ، بووەتە 'سکانداڵ'ێکی گەورەی سیاسی لە ئیسپانیا


رووداو دیجیتاڵ

کێشەی تۆمارکردنی دانی ئۆلمۆ لە لیستی یانەی بارسێلۆنا بۆ نیوەی دووەمی وەرزی ئەمساڵ، کاردانەوەی تووندی بەدوای خۆیدا هێنا و دۆسێیەکەی کردە دۆسێیەکی سیاسی، هەندێک بەرپرسی سیاسی،  کارەکەیان بە 'ساختە و سکانداڵ' ناوبرد.
 
ئەنجوومەنی باڵای وەرزش لە ئیسپانیا، رۆژی چوارشەممە، بڕیاریدا رێگە بەتۆمارکردنی ناوی هەریەکە لە دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر بدات لە لیستی یاریزانانی یانەی بارسێلۆنا بۆ نیوەی دووەمی وەرزی ئەمساڵ، پاشئەوەی هەریەکە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و دەستەی لالیگا، ئەو داوایەیان رەتکردەوە.
 
پێشتر لالیگا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، بەهۆی یاسای تۆمارکردنی یاریزانانەوە، تۆمارکردنی ناوی ئەو دوو یاریزانەیان لە لیستی یانە کەتەلۆنییەکە رەتکردبووەوە.
 
ئەو دوو دامەزراوەیە گوتبوویان، بەپێی یاسا، ناکرێ ناوی یاریزانێک بۆ دوو ماوەی جیاوازی یەک وەرز، لەگەڵ هەمان یانە تۆماربکرێت. هەربۆیە لەبەرئەوەی بارسێلۆنا، ناوی ئەو دوو یاریزانەی بۆ تەنیا یەک وەرز تۆمارکردبوو، رێگەی پێنادرێت بۆ نیوەی دووەمی وەرزەکە، جارێکی دیکە تۆماریان بکاتەوە.
 
بارسێلۆنا دوای رەتکردنەوەی ئەو دوو دامەزراوەیە، پەنای بردە بەر ئەنجوومەنی باڵای وەرزشی ئیسپانیا، کە بەرزترین دامەزراوەی وەرزشییە لە وڵاتەکە و ئەو ئەنجوومەنە، رەزامەندییدا، بەتۆمارکردنی ناوی ئەو دوو یاریزانە.
 
سیاسییەکان تووڕەن
 
بڕیاری ئەنجوومەنەکە، ژمارەیەک یانەی بەشدار لە خولی لالیگا، سەرۆکی دەستەی لالیگا و ژمارەیەک سیاسییشی نیگەرانکردووە و ئەوان کارەکە بە 'سکانداڵ' ناودەبەن.
 
بۆرخا سیمبەر، گوتەبێژی پارتی گەلی ئۆپۆزیسیۆن، لە پلاتفۆرمی ئێکس، هێرشی کردە سەر بڕیاری ئەنجوومەنەکە و بەنادادپەروەرانە ناویبرد.
 
سیمبەر، نوسیویەتی، "ئەم بڕیارە کە ئەنجوومەنی باڵای وەرزش داویەتی، دژی بنەما و پێوەرەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و دەستەی لالیگایە".
 
سیمبەر زیاتر دەڵێ، "بڕیارەکە خاترگرتنی بارسێلۆنا و ساختەیە. گومانی گەورەم لەوە هەیە، هەمان بڕیار لە بەرژەوەندیی یانەیەکی بچووک بدرایە".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "ئەم بڕیارە، رکابەرییەکانی خولەکانی ئیسپانیا گەندەڵ دەکات".
 
کوا مافەکانی بیتێس؟
 
سیمبەر، هەروەها قسەکانی رۆژنامەڤانێکی ئیسپانی دووبارەکردووەتەوە کە باسی لەوە کردبوو، یانەی دیکە هەبووە لە ئیسپانیا، بەهەمان بارودۆخی بارسێلۆنادا تێپەڕیوە، بەڵام لە کۆتاییدا یاریزانەکەی بۆ تۆمارنەکراوە و ناچاربووە دەستبەرداری ببێت.
 
سیمبەر دەڵێ، ساڵێک لەمەوبەر یانەی ریال بێتیس، ناچارکرا نەبیل فەقیری یاریزانی بفرۆشێت بە یانەی جەزیرەی ئیماراتی، چونکە کێشەی لە تۆمارکردنی ناوی ئەو یاریزانە هەبوو، بەهۆی یاساکانی یاریی خاوێنەوە.
 
ئەو رۆژنامەڤانەی چیرۆکەکەی فەقیری بیری ئیسپانییەکان هێناوەتەوە، ئالبێرت ئۆرتێگایە کە دەڵێ، "هاوینی رابردوو، یانەی ریال بێتیس، ناچاربوو دەستبەرداری نەبیل فەقیر ببێت، ئەگەرچی یەکێک بوو لە باشترین یاریزانەکانی یانەکە، بۆ ئەوەی هاوسەنگی لە ژمارە داراییەکانیدا دروست بکات. هەر بۆیە ئەو یانەیە پێیوایە ئەوەی روویداوە لە دۆسێیەکەی ئۆلمۆ و پاو، سکانداڵە".
 
بەهۆی تۆمارکردنی ناوی ئەو دوو یاریزانەوە، یانەی بارسێلۆنا دەتوانێت هەردوو یاریزانەکە لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر ریال مەدرید، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بەشداری پێ بکات.
 
ئاتلێتیکۆش ناڕازییە
 
لەبەردەوامیی کاردانەوەکان بەرامبەر بڕیارەکەی ئەنجوومەنی باڵای وەرزشی ئیسپانیا، یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێ، ئەوەی روویداوە، دەستتێوەردانی مەترسیدارانەی حکومەتە لە کاروباری تۆپی پێ.
 
لە بڵاوکراوەکەی ئاتلێتیکۆ مەدریددا هاتووە، "یاسای وەرزش کۆنترۆڵی ئابووریی لالیگای کردووە، بەڵام بڕیارە نوێیەکە، ئەو یاسایە دەخاتە بەردەم مەترسیی گەورە".
 
یانە مەدریدییەکە هەروەها دەڵێ، "کۆنترۆڵە ئابوورییەکە، هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی تۆپی پێی ئیسپانیا سەرسامییەکی نێودەوڵەتیی بەدەست بهێنێت".
 
زیاتر دەڵێ، "یانەکەمان وەک هەموو ئەندامانی دیکەی لالیگا، رێنوێنی و یاساکانی ئابووری جێبەجێکردووە و لە چەند ساڵی رابردوودا سەرمایەی خۆمان زیادکرد، ئەگەرچی کاری زۆری ویست".
 
هەروەها دەڵێ، "ئەم دەستتێوەردانەی حکومەت، پێشهاتێکی مەترسیدارە، چونکە رێگە بۆ بەزاندنی یاساکان و پەنا بردەن بەر بڕیارە هەڵەکان دەکاتەوە... ئاتلێتیکۆ پابەندە بە یاساکان، بەڵام بەبێ بوونی یاسا و رێنوێنیی روون و یەکسان بۆ هەمووان، پاڵەوانێتییەکی یەکسان نایەتە ئاراوە".
 
رکابەرەکەی لاپۆرتاش قسەی هەیە
 
تۆنی فرێسکا، بەربژێری پێشووی سەرۆکایەتیی یانەی بارسێلۆنا، هێرشی کردە سەر قسەکانی بۆرخا سیمبەر و ئەوی بە'قێزەون' ناوبرد.
 
فرێسکا کە بەربژێر و رکابەری لاپۆرتا بوو لە سەرۆکایەتیی یانەی بارسێلۆنا دەڵێ، "هێرشەکان بۆ سەر بارسێلۆنا کۆتاییان نایەت، ئیدی پەلاماری شادەماری تیپەکە دەدەن، لە رێگەی هاوپەیمانێتییە سیاسییەکانەوە، تۆ ئەی قێزەون، گەمەمان لەگەڵ مەکە".
 
فرێسکا، پێشتریش لەسەرەتای کێشەکەوە، بەرگریی تووندی لە هەڵوێستی بارسێلۆنا کرد و داوای تۆمارکردنی ناوی ئەو دوو یاریزانەی لە لیستی یانەکە بۆ نیوەی دووەمی وەرزی ئەمساڵی لالیگا کردبوو.
 
تاوەکو ئێستا دۆخی دۆسێیەکەی ئۆلمۆ و پاو لە هەڵچوونی زیاتردایە لەلایەن یانەکان و دامەزراوە جیاوازەکانی ئیسپانیاوە، بڕیارە لە دوای کۆتاییهاتنی جامی سوپەری ئیسپانیا و گەڕانەوەی شاندی بارسێلۆنا بۆ ئیسپانیا، خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وردەکاریی دۆسێیەکە بخاتە روو و وەڵامی تۆمەتە ئاراستەکراوەکان بۆ یانەکەشی روون بکاتەوە.