وەزیرێک رێگرە لە بەشداریکردنی ئەرجەنتین لە کۆپا ئەمریکا
رووداو دیجیتاڵ
پاتریشیا بۆلریچ، وەزیری ئاسایشی ئەرجەنتین، ئاشکرایکردووە رێگە بەبەشداریکردنی هەڵبژاردەی لاوانی ئەرجەنتین، لە کۆپا ئەمریکای داهاتوو نادەن، چونکە ترسیان لە دۆخی ئاسایش هەیە.
هەڵبژاردەی لاوانی ئەرجەنتین بەشدارە لە کۆپا ئەمریکای خوار 20 ساڵان کە لە ڤێنزوێلا رکابەرییەکانی بەڕێوەدەچن و بڕیارە رۆژی 23ی ئەم مانگە دەستپێبکات.
وەزیرە ئەرجەنتینییەکە ئاشکرایکردووە، رێگە بەرۆیشتنی هیچ شاند و یاریزانێکی ئەرجەنتین بۆ ڤێنزوێلا نادات، چونکە ترسی هەیە لەوێ بڕفێنرێن.
کۆپا ئەمریکای لاوان لە 23ی یەک تاوەکو 16ی دوو بەردەوام دەبێت، بڕیاربوو هەڵبژاردەی لاوانی ئەرجەنتین بەپێکهاتەی تەواوەوە بەشداری لە پاڵەوانێتییەکە بکات.
پاتریشیا ئاشکرایکردووە، هۆکاری رێگەنەدان بەچوونی یاریزانە ئەرجەنتینییەکان بۆ ڤێنزوێلا، لەبەر خراپیی دۆخی ئاسایشە لەو وڵاتە.
ئەو دەڵێ، لە چەند رۆژی رابردوودا، ڤێنزوێلییەکان، ئەفسەرێکی ئەرجەنتینیان دەستگیرکردووە. روونیکردووەتەوە، ئەوەش وایکرد ئێمە بڕیاربدەین و رێگە بەچوونی لاوەکانمان بۆ ئەو وڵاتە نادەین.
وەزیرەکە پرسیویەتی، ئەگەر هەڵبژاردەکەمان چووە ڤێنزوێلا و لەوێ دەستبەسەرکران یان رفێنران؟ چی بکەین؟ پێمانوایە چوونی شاندەکە سەرکێشییە و ئێمەش نامانەوێت سەرکێشی بکەین.
ئەو وەزیرە رایگەیاندووە، چەند رۆژێکی دیکە چاوەڕێدەکەن و چاودێریی دۆخەکە دەکەن تاوەکو بزانن لە ڤێنزوێلا چی روودەدات.
بەڵام ئەوەشی خستووەتە روو کە پەیوەندییەکان لەگەڵ ڤێنزوێلا بەجۆرێکە کە دەکرێ هەر ئەرجەنتینییەک لە ڤێنزوێلا وەک بارمتە دەستبەسەر بکرێت، هەربۆیە پێویستە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور، چاو بەدۆخەکەدا بخشێنێتەوە، یان پێویستە شوێنی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکە بگوازێتەوە وڵاتێکی دیکە.
بەپێی تیروپشکی کۆپا ئەمریکای لاوان، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە کۆمەڵەی دووەم بەرامبەر هەریەکە لە بەرازیل، کۆڵۆمبیا، ئیکوادۆر و بۆلیڤیا یارییدەکات.