'ئاودەستی زیرەک' پیکێ و کاسیاس کۆدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
جیرارد پیکێ، بەرگریکەری پێشووی بارسێلۆنا و ئیکێر کاسیاس، گۆڵپارێزی پێشووی ریال مەدرید، بەهۆی 'ئاودەستی زیرەک'ەوە جارێکی دیکە بەیەکدەگەنەوە.
سەرچاوەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، ئەو دوو ئەستێرەیەی پێشووی دوو یانە زەبەلاحەکەی ئیسپانیا، پێکەوە لە پڕۆژەی 'ئاودەستی زیرەک'دا دەردەکەون و ئەوەش هەنگاوێکی دیکەی کاسیاس و پیکێ دەبێت، بۆ جارێکی دیکە کۆبوونەوە لە پڕۆژەیەکدا، پاش بەیەکگەیشتنەوەیان لە 'خولی پاشاکان' کە پیکێ دروستی کردووە.
کاسیاس ساڵانێکی بەرچاو گۆڵپارێزی ریال مەدرید بووە و لە چەندین یاریی کلاسیکۆدا بەرامبەر پیکێ کە یەکێکبوو لە بەرگریکەرە مێژووییەکانی بارسێلۆنا رووبەڕووی یەکبوونەتەوە.
ئەو دوو ئەستێرەیە لە هەڵبژاردەی ئیسپانیاش کاروانی گەورەیان پێکەوە هەبوو و لەو نەوە زێڕینەی هەڵبژاردەکەبوون کە ساڵی 2010 نازناوی مۆندیالی بۆ یەکەمجار لە مێژووی لارۆخادا بەدەستهێنا.
کاسیاس و پیکێ، ئەگەرچی لە دوو کاتی جیاوازدا وازیان لە یارییکردن هێنا، بەڵام هەردووکیان روویان لە بواری بزنس کردووە و ئێستا خاوەنی سەرمایەی گەورە و پڕۆژەی جۆراوجۆرن.
گۆڤاری 'پیپڵ' ئاشکرایکردبوو کە کاسیاس لە ساڵی 2014دا خاوەنی بەرزترین مووچەی نێو تۆپی پێی جیهانە و قازانجەکانی لەو ساڵەدا گەیشتووەتە 82 ملیۆن دۆلار، لە کاتێکدا کۆی سامانەکەی بە 240 ملیۆن دۆلار خەمڵێنراوە.
کاسیاس لە دوای وازهێنانەوە لە مانگی هەشتی 2020، جارێکی دیکە لە مەدرید نیشتەجێبووەتەوە و سەرقاڵی چەندین کاری جیاوازی وەبەرهێنانە.
گۆڵپارێزەکەی پێشووی ریال مەدرید، دامەزراوەی ئیکێر کاسیاسی دروستکردووە کە بەردەوام گەشت بۆ ئەمریکا و وڵاتانی جیهان رێکدەخات و لە چەندین وڵاتیش قوتابخانەی کردووەتەوە.
کارێکی دیکەی کاسیاس لە بواری بزنسدا، دروستکردنی تیمی 'کەی 1'ی خولی پاشاکانە کە پێشتر ئیبای یانۆس و جیراد پیکێ بەهاوبەشیی دروستیانکردووە و ئەستێرە وازهێناوەکان یاریی تێدا دەکەن.
تیمەکەی کاسیاس لە خولەکەدا ئێستا بەهاکەی نزیکەی پێنج ملیۆن یۆرۆیە.
کاسیاس و پیکێ، ئێستا بڕیاریانداوە لە پڕۆژەیەکی هاوبەشدا پێکەوە کاربکەن کە ناوی پڕۆژەی 'ئاودەستی زیرەک'ە.
ئەو دوو ئەستێرە وازهێناوە، هاوبەشییان لە کۆمپانیایەکدا کردووە کە لە ماوەی رابردوودا لە بارسێلۆنا دروستبووە و ئامانجی گۆڕینی ئاودەستە بۆ رووبەرێکی زیرەک لە چاودێریی تەندروستی.
بەپێی ئەوەی میدیاکان ئاشکرایانکردووە، پڕۆژەی 'ئاودەستی زیرەک' کە بە S-Urinal ناودەبرێت، پڕۆژەیەکی گرنگ و سەرنجڕاکێش دەبێت بۆ داهاتوو، چونکە پشت بەتەکنەلۆژیای نوێ دەبەستێت، بۆ پێوانەکردنی شێداریی لەشی ئەو کەسانەی بەکاریدەهێنن.
'ئاودەستی زیرەک' هەروەها لەکاتی بوونی کەسێک لەنێویدا، پشکنینی خێرای متمانەدار بۆ دۆخی تەندروستیی بەکارهێنەرەکەی دەکات و ئەنجامەکان بەزوویی لەسەر شاشەیەکی نێو ئاودەستەکە پێشاندەدات و ئەنجامەکان دەگوازێتەوە بۆ نێو ئەپێکی تایبەتیش.
کۆمپانیای خاوەنی بیرۆکەی 'ئاودەستی زیرەک' پشت بەتەکنەلۆژیایەکی تایبەت دەبەستێت، کە دەتوانێت خۆی بە کەلوپەلەکانی نێو ئاودەستەکەوە ببەستێتەوە و لەماوەیەکی کەمدا پشکنینی میز بۆ بەکاربەرەکەی بکات و دۆخی تەندروستیی کەسەکە روون بکاتەوە.
بەپێی ئەوەی کۆمپانیاکە کاری بۆ دەکات، ئەو ئاودەستە زیرەکە لە هەنگاوی یەکەمدا لە کۆی 450 هۆڵی وەرزشیی جێگیر دەکرێت لەپێناو بەکارهێنان و زانینی کاریگەرییەکەی.