سێیەم بەرپرسی بارسێلۆنا دەستیلەکارکێشایەوە
رووداو دیجیتاڵ
جولی جۆیۆ، جێگری بەرپرسی کەرتی بازاڕگەریی لە یانەی بارسێلۆنا، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی پێشکێشی کارگێڕیی یانەکە کرد. ئەوە سێیەم بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی یانەکەیە لەسەردەمی سەرۆکایەتیی خوان لاپۆرتا، دەست لە کارەکەی هەڵدەگرێت.
جولی جۆیۆ، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی 'کاپ رۆیج' و سەرۆکی گرووپی 'کلیبەر'بوو، کە بەرپرس بوو لە رێکەوتنی نێوان یانەی بارسێلۆنا و کۆمپانیای سپۆتیفای.
میدیای کەتەلۆنیا دەڵێن، جۆیۆ سێیەم بەرپرسە لە ماوەی رابردوو، دەستلەکارەکەی دەکێشێتەوە و یەکەم بەرپرسیشە لە دوای سەرهەڵدانی کێشەی تۆمارکردنی دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆرەوە لە یانەکە وازبهێنێت.
رۆژنامەی 'لا بانگواردیا' ئاشکرایکردووە، ئەو بەرپرسە دەستی لەکارەکانی هەڵگرتووە، پاشئەوەی رۆڵی کارای پێنەدراوە لە دانوستاندنی یانەی بارسێلۆنا لە گرێبەستی نوێی لەگەڵ کۆمپانیای نایکی، کە لە ماوەی رابردوودا تاوەکو 2038 نوێکرایەوە.
میدیاکان، دەستلەکارکێشانەوەی بەرپرسەکانی بارسێلۆنا، بە'تسۆنامی' لەدژی بەرپرسانی ئێستای یانەکە ناودەبەن، لە کاتێکدا تیپەکە لە سعودیە رکابەریی لەسەر بەدەستهێنانی نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا دەکات.
جۆیۆ سێیەم بەرپرسە واز لەکارەکەی دەهێنێت، لە ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی یانەکە، کە لاپۆرتا لە مانگی سێی ساڵی 2021ەوە سەرپەرشتی دەکات.
پێشتر جۆردی لۆرادۆ، بەرپرسی پڕۆژەی 'ئیسپای بارسا' لە مانگی حەوتی ساڵی 2023 دەستیلەکارکێشایەوە، بەهۆی رازینەبوون بەدەستنیشانکردنی کۆمپانیای لیماکی بیناسازی، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی دروستکردنی یاریگەی نوێی کامپ نو.
لە بەهاری رابردووشدا، ئێدواردۆ رۆمیۆ، جێگری بەرپرسی کەرتی ئابووریی یانەکە دەستیلەکارکێشایەوە، بەهۆی بوونی ناکۆکی لەبارەی ئەرکە پیشەییەکانی لە یانەکە.
ئەنجوومەنی کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنا ئێستا لە تەنیا 17 ئەندام پێکدێت.