ڤیدیۆ؛ سعودیە خوازیارە بەهۆی کڕینی رۆناڵدۆ و ئەستێرەکانی دیکەوە ببێتە پاڵەوانی ئاسیا

10-01-2024
ئیحسان تاهیر
هەڵبژاردەی سعودیە
هەڵبژاردەی سعودیە
نیشانەکردن هەڵبژاردەی سعودیە جامی نەتەوەکانی ئاسیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە نەیمارەوە تا کەریم بنزیما و ریاز مەحرەز و سادیۆ مانێ و پێش ئەوانیش کریستیانۆ رۆناڵدۆ، سعودیە هاوینی رابردوو چەندین گرێبەستی گرانبەها و شۆکهێنەری بۆ یانە گەورەکانی ئەنجامدا، ئێستاش هیوادارە کاریگەری ئەو پڕۆژەیە رەنگدانەوەی لەسەر ئاست و ئەنجامی یارییەکانی هەڵبژاردەکەی لە جامی ئاسیادا بەدەربکەوێت و دوای 28 ساڵ بەو جامە کیشوەرییە شادببێتەوە.
 
سعودیە یەکێکە لە باشترین هەڵبژاردەکانی ئێستای ئاسیا و پێشەنگی هەڵبژاردە عەرەبییەکانی ئاسیایە، بۆیە یەکێکە لە بەربژێرەکانی بەدەستهێنانی نازناوەکە، ئەگەرچی ئەرکەکەی ئاسان نییە بە بوونی چەندین هەڵبژاردەی گەورە و بەهێزی وەک ژاپۆن، کۆریای باشوور، ئوسترالیا، ئێران و تەنانەت عێراقیش.
 
هەڵبژاردەی سەوزپۆشەکان بۆ بردنەوەی جامی نەتەوەکانی ئاسیا پشت بە ئەزموونی راهێنەرێک دەبەستێت کە دوایین نازناوی بەدەستهێنانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا بوو، کاتێک هەڵبژاردەی ئیتاڵیای کردە پاڵەوانی ئەوروپا.
 
رۆبێرتۆ مانچینی کە هەڵبژاردەی ئیتاڵیای بەجێهێشت بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەری هەڵبژاردەی سعودیە، رایگەیاند کە ئەو حەزی لە ئاڵنگارییەکی نوێیە و دەیەوێت لەسەر ئاستی ئاسیادا هەڵبژاردەیەکی بەهێز دروستبکات و نازناوەکانی لەگەڵدا بباتەوە، بۆیە ئێستا کاتی ئەو ئاڵنگارییەیە و سعودییەکان داوای جامی ئاسیای لێدەکەن، ئەویش دەبێت بیسەلمێنێت کە شایەنی ئەو پارە زۆرەیە کە سعودییەکان بەسەریاندا رژاندووە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە لەم ساڵانەی دواییدا ئەنجامەکانی سعودیە لە پاڵەوانێتییە کیشوەرییەکاندا زۆر خراپ بوونە و لەدوای گەیشتن بە یاریی کۆتایی ساڵی 2007 کە بە هەڵبژاردەی عێراق دۆڕا، لە 2011 و 2015 دووجار بەسەریەکەوە لە قۆناخی کۆمەڵەکان دەرکراوە، لە پاڵەوانێتی 2019ـەش بە گەیشتن بۆ قۆناخی شانزدە رازی بوو، کە هەرگیز ئەمە خەونی سعودییەکان نییە و هاندەرانی دەڵێن "بیری بەرزکردنەوەی جامەکە دەکەین، کە دوایینجار لە 1996 بەرزیانکردووەتەوە". 
 
هۆکارێکی دیکە کە دەکرێت یارمەتی سعودییەکان بدات بۆ ئەوەی بتوانن رکابەری لەسەر نازناوەکە بکەن، ئەوەیە کە هەموو یاریزانەکانی لە خولی ناوخۆی سعودی یاری دەکەن. ئەو یاریزانانەی بۆ پاڵەوانێتییەکە بانگهێشتکراون بەشێکیان لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاری دەکەن و بەشێکیشیان هاوڕێی نەیمار دا سیلڤان. سعودییەکان خوازیارن بەهێزیی خولەکەیان رەنگدانەوەیەکی جوانی بەسەر ئاست و ئەنجامی هەڵبژاردەکەیانەوە هەبێت.
 
ئەوان خەون بەوەوە دەبینن سەرکەوتنە مێژووییەکەیان لە مۆندیال بەسەر ئەرجەنتیندا، ببێتە هەوێنی مۆڕال و ورەبەرزییان بۆ بردنەوەی جامی ئاسیا و بەدەستهێنانی چوارەم نازناوی کیشوەرەکەیان لە مێژوودا، کە سێجار لە ساڵانی 1984، 1988 و 1996 بەدەستیانهێناوە.
 
هەر بۆیەش سعودییە پێشەنگی ئەو هەڵبژاردانە بوو کە گەیشتە قەتەر و دەیویست زۆرترین کاتی لەبەردەستدا بێت بۆ خۆئامادەکردن بەباشترین شێوە، کە ئەمڕۆ ئامادەکارییەکانی بە یارییەکی دۆستانە بەرامبەر هەڵبژاردەی هۆنگ کۆنگ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە