1000 ملیۆن یۆرۆش بدەن کڤارا ناچێتە سعودیە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کارەکانی کڤاراتسخێلیا لێدوانێکی چاوەڕواننەکراو دەدات و ڤیکتۆر ئۆسیمێنیش تووڕە دەکات.
 
ماموکا جۆجیلی، بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانە جۆرجییەکەی ناپۆلی قسەیکردووە و دەڵێت "تەنانەت ئەگەر گرێبەستێک بە 1000 ملیۆن یۆرۆش پێشکێشبکرێت، کڤارا ناچێتە خولی سعودی و ئەو بەلایەوە باشە بۆ یەکێک لە یانەکانی، ریال مەدرید، بارسێلۆنا، مان سیتی و بایرن میونشن یاری بکات."
 
ماموکا لە قسەکانیدا دەڵێت "شتێکتان پێدەڵێم، ڤیکتۆر ئۆسیمێن دەچێتە خولی سعودی، ئەمەش هێرشبەرە نەیجیرییەکەی زۆر تووڕە کردووە."
 
ئوسیمێن وەڵامی ئەو لێدوانەی داوەتەوە و دەڵێ "ماموما، بەڕێوەبەری بەرێز، تۆ پارچەیەکی لە پیسی و ریسوایت، شەرمەزارم لە ئاست ئەو بیرکردنەوەیە تۆدا، نەفرەت لە تۆ و لە ناوی من دووربکەرەوە.
 
قسەکانی بەڕێوەبەری کارەکانی کڤارا لەکاتێکدان، پێشتر باوکی یاریزانەکە رایگەیاندبوو، کوڕەکەی حەزدەکات بۆ یانەی ریال مەدرید یاریی بکات و خەونی ئەو پەیوەندیکردنە بەو یانەیەوە.
 
ناپۆلی لەم وەرزەدا ئاست و ئەنجامەکانی وەک پێویست نین، بۆیە چاوەڕواندەکرێت کڤاراتسخێلیا بیر لە بەجێهێشتنی یانەکە بکاتەوە.
 
خڤیچا کڤاراتسخێلیا، گرێبەستەکەی لەگەڵ ناپۆلی لە هاوینی 2027 کۆتاییدێت، یاریزانەکە ئێستا نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 80 ملیۆن یۆرۆ.