ڤیدیۆ؛ لە سعودیە.. جامی سوپەری ئەوروپا بە دێربیی مەدرید دەستپێدەکات

10-01-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ریال مەدرید - ئاتلێتیکۆ مەدرید 22:00
ریال مەدرید - ئاتلێتیکۆ مەدرید 22:00
نیشانەکردن ریال مەدرید ئاتلێتیکۆ مەدرید جامی سوپەری ئیسپانیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

جامی سوپەری ئیسپانیا لە سعودیە دەستپێدەکات، لە یەکەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی جامەکەدا، دێربیی مەدرید لەنێوان ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکرێت.
 
یەکێکیان ئەو یانەیەیە کە رۆناڵدۆ تێیدا مێژووی نووسییەوە و ئەوەی دیکەشیان ئەوەیە کە یەکێکە لە گەورەترین قوربانیی گۆڵەکانی ئەستێرەکەی مادێرا و ئەمشەو لە یاریگەی تیپەکەی دۆندا لە ئەول پارک رکابەریی یەکدی دەکەن.
 
ریال مەدرید دوو رۆژ لەمەوبەر بە ئامادەکارییەکی زۆرەوە چووە سعودیە، یانەکە لە 19 یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و دەیەوێت هەنگاوەکانی لە جامی سوپەردا بەرەو نازناوەکە بەهێزتر بکات، بەتایبەت کە بەبێ ماندووبوون لە جامی شادا سەرکەوتنی بەرامبەر ئاراندینا بەدەستهێنا.
 
ڤینیسیۆس جونیۆر و هاوڕێکانی بەتەواوی خۆیان بۆ ئەم یارییە گرنگە ئامادەکردووە، ئەوان دەیانەوێت بەبەردێک دوو چولەکە بکوژن، هەم تۆڵەی دۆڕانیان لەم وەرزەی لالیگادا لە رکابەرەکەیان بکەنەوە هەمیش بگەنە یاریی کۆتایی جامی سوپەر.
 
ریال مەدرید لەم وەرزەی لالیگا تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە، ئەو دۆڕانەشی بەرامبەر رۆخی بلانکۆس بوو، دۆڕان لە یارییەکەی ئەمشەودا مانای لەدەستدانی نازناوێک دێت بۆیە ناکرێت یانەی شاهانە دووەم دۆڕانیشی هەر بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید بێت.
 
لە یارییەکەی ئەمشەودا ریال مەدرید لە تواناکانی دەیڤد ئالابا، ئیدێر میلیتاو و تیبۆ کۆرتوا بێبەشە، بەڵام ئەنچێلۆتی تیپەکەی بەباشی ئامادەکردووە و چاوی لە بەدەستهێنانی یەکەم بلیتی یاریی کۆتاییە.
 
لەبەرامبەردا یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لەم وەرزەدا پێچەوانەی وەرزەکانی رابردوو، تیپێکی هێرشبەرانەی هەیە و بە ئاستێکی بەرزەوە دەردەکەوێت، ئەوان هێشتا خۆشی بردنەوەیان لەم وەرزەدا لە ریال مەدرید لەبیر نەکردووە و دەیانەوێت ئەو بردنەوەیە دووبارەبکەنەوە و بگەنە یاریی کۆتایی.
 
رۆخی بلانکۆس لەم وەرزەدا 4 جار بەرامبەر ریال مەدرید یاریی دەکات، یارییەکی بردووەتەوە و سێیەکەی دیکەی ماوە، بردنەوەی ئەمشەو ئەوان لە بردنەوەی نازناوێک نزیکدەکاتەوە کە لە 2014ـەوە لێی دوورن، بەڵام هێشتا لەبیریان نەکردووە دوایین نازناویان بەرامبەر ریال مەدرید بووە و ئەوکاتەش ئەنچێلۆتی راهێنەری ریال بوو.
 
یارییەکە کاژێر 22:00 بەڕێوەدەچێت، براوەی دێربیی مەدرید لە یاریی کۆتاییدا بەرامبەر براوەی یاریی نێوان هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ئۆساسۆنا یاریی دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە