لۆرێس بڕیاریدا چیدی پارێزگاری لە گۆڵی هەڵبژاردەی فەرەنسا نەکات

10-01-2023
ئیحسان تاهیر
Photo by Lionel BONAVENTURE / AFP
Photo by Lionel BONAVENTURE / AFP
نیشانەکردن هوگۆ لۆرێس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هوگۆ لۆرێس، گۆڵپارێز و کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا وازهێنانی لە یاریی نێودەوڵەتی راگەیاند و لەمەودوا تەنیا بۆ یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی یاری دەکات.

لۆرێس، تەمەن 36 ساڵ، بە میدیاکانی فەرەنسای راگەیاند کە بڕیاری داوە واز لە یاریی نێودەوڵەتی بێنێت و گوتی "راگەیاندنی ئەمە ئاسان نییە، بەڵام دوای 14 ساڵ، کە تێیدا بەرگریم لە درێسی فەرەنسا کرد، کە بە شانازییەوە لەبەرم دەکرد، پێموایە گەیشتوومەتە کۆتایی".

گۆڵپارێزەکەی تۆتێنهام لە ساڵی 2008 دەستی بە کاروانی نێودەوڵەتی خۆی کرد، دوای مۆندیالی 2010 نیشانەی کاپتنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی وەرگرت، لەگەڵ کەڵەشێرەکانی فەرەنسادا بووە پاڵەوانی مۆندیالی 2018ـی رووسیا، دواتر مانگی رابردوو گەیشتنەوە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2022ـی قەتەر، بەڵام بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە دۆڕان. هەروەها لە ساڵی 2021 نازناوی خولی نەتەوەکانی ئەوروپای بەدەستهێنا.

لۆرێس لە 145 یارییدا پارێزگاری لە گۆڵی هەڵبژاردەی فەرەنسا کردووە، ئەمەش ژمارەی پێوانەییە لە مێژووی هەڵبژاردەی نیشتمانی فەرەنسادا.

میدیاکانی فەرەنسا باس لەوە دەکەن کە دوای وازهێنانی هوگۆ لۆرێس لە یاریی نێودەوڵەتی، کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان بەهێزترین بەربژێرە بۆ وەرگرتنی نیشانەی کاپتنیی هەڵبژاردەی فەرەنسا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە