رۆناڵدۆ چی بە برۆنۆ فێرناندێز گوتووە؟

رووداو دیجیتال

برۆنۆ فێرناندێز، یاریزانی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، دان بەوەدا دەنێت کە ئەو ئامۆژگاری له کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی وەرگرتووە پێش ئەوەی بچێتە ریزەکانی یانەی شەیتانە سوورەکان.

برۆنۆ فێرناندێز زۆر زوو لە یانەی سپۆرتینگ لێشبۆنەی پۆرتوگالی رۆیشت و پەیوەندی بە ریزەکانی مانچێستەر یونایتدەوە کرد.

ئەو یاریزانە پۆرتوگالییە لەگەڵ یانەی مانچێستەر یونایتد ئاستی زۆر باشتربووە و لە 47 یارییدا لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا 27 گۆڵی تۆمارکردووە و 17 گۆڵیشی دروستکردووە.

برونۆ لە لێدوانێکی نوێدا، دان بەوەدا دەنێت کە بەر لەوەی بچێتە ریزەکانی مانچێستەر یونایتد راوێژی بە کریستیانۆ رۆناڵدۆی هاونیشتیمانییەکەی کردووە، کە پێشتر یاریزانی یانە ئینگلیزییەکە بووە و دەڵێت "بەڵێ قسەم لەگەڵ رۆناڵدۆ کرد، چونکە زیاتر لە من مانچێستەر یونایتد دەناسێت، هەندێک ئامۆژگاری گرنگیشی پێدام" .

ئەو زیاتر دەڵێت "بۆ من گرنگ بوو پرس بە رۆناڵدۆ بکەم، پێموایە هەرچۆنێک بێت پەیوەندیم بەو یانەیەوە دەکرد، بەڵام کە لەگەڵ رۆناڵدۆ قسە دەکەیت هەمیشە باشترە".

برۆنۆ لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتی "باسی یانەکەمان کرد، چەند گەورەیە و چەند بۆ من باشە، دەبێت ئەو دەرفەتە بقۆزمەوە کە پەیوەندی بە یانەیەکی وا گەورەوە بکەم و چانسی شەڕکردن بۆ نازناو وەربگرم، ئەوە گەورەترین ئامۆژگارییە کە دۆن پێیبەخشیوم".

یاریزانە پۆرتوگالییەکە زیاتر گوتی "رۆناڵدۆ پێیگوتم بڕۆ چێژ وەرگرە، هاندەرانت خۆش دەوێت، ئەوانیش خۆشیان دەوێیت، بۆیە تەنیا هەوڵ بدە چێژ لە یارییەکەت وەربگری، لەوێ باشترینت بۆ دێت".

کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ماوەی نێوان هەردوو ساڵانی 2003 تاوەکو 2009 یاری بۆ یاری بە درێسی مانچێستەر یونایتدەوە کردووە.