خوان لاپۆرتا بڕیارێکی ئاگرین دەدات

09-12-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن رافایێل لیاو خوان لاپۆرتا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی، خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، لەدوای یاریی ریال بێتیس بڕیارێکی ئاگرینی داوە و پەلە دەکات لە گرێبەستکردن لەگەڵ ئەستێرەیەکی پۆرتوگالی.
 
خوان لاپۆرتا نایەوێت بەردەوام بێت لە سەیرکردنی ئەوەی یانەکەی خاڵە گرنگەکان لە کێبڕکێی لالیگادا لەدەست دەدات. یەکسانبوون بەرامبەر ریال بێتیس بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ، زەنگی ئاگادارکردنەوەی بۆ یانەکەی لێدا، ئەمەش وایکرد سەرۆکی بارسا دەستبکات بە داڕشتنی پلانێک بۆ بەهێزکردنی تیپەکە لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەدا.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی ئێل ناسیۆنالی ئیسپانی دەستیکەوتوون، ئامانجی لاپۆرتا روون و ئاشکرایە، کە بریتییە لە گرێبەستکردن لەگەڵ رافایێل لیاوی ئەستێرەی پۆرتوگالی، کە یەکێکە لە هێرشبەرە دیارەکانی ئێستای تۆپی پێی ئەوروپا، بەئامانجی بەهێزکردنی هێڵی هێرشبردن و بوژاندنەوەی تیپەکە بۆ ئەوەی لە قۆناخە سەختەکەی وەرزەکەدا رۆڵی خۆی ببینێت.
 
ئەستێرەی میلان، هێرشبەرە پورتوگالییەکە بەخێرایی زۆر، بەهێزی جەستەیی و توانای دروستکردنی هاوسەنگی دەناسرێتەوە، ئەو سیفەتانەی کە خوان لاپۆرتا و ستافی راهێنەرایەتی بە پێویستی دەزانن بۆ تەواوکردنی رۆڵی یاریزانانی وەک رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی و لامین یامال. جگە لەوەش، هەمەلایەنەییەکەی وایلێدەکات بتوانێت لە چەندین شوێنی هێرشبەریدا یاری بکات، ئەمەش دەبێتە کلیلی سیستمی هانزی فلیکی راهێنەر.
 
بێگومان گواستنەوەی لیاو ئاسان نابێت. میلان بەنیازی ئەوە نییە لە ناوەڕاستی ئەم وەرزەدا دەستبەرداری ئەستێرەکەی ببێت، بەهای بەرزی لە بازاڕیشدا ئاڵنگارییەک بۆ دارایی بارسێلۆنا دروست دەکات، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لاپۆرتا دڵنیایە لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئابووری گونجاو، چونکە پێیوایە فرۆشتنی هەندێک یاریزان کە راهێنەر پشتیان پێنابەستێت وەک ئانسو فاتی یان ئێریک گارسیا لەوانەیە ئەو پارەیە دابین بکات کە پێویستە بۆ تەواوکردنی گرێبەستەکە.
 
پێداگریی خوان لاپۆرتا لەسەر تەواوکردنی ئەم گرێبەستە دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک. لەلایەک لە یارییەکانی ئەم دواییەدا تیپەکە بەتەواوی پشتی بە لامین یامال بەستووە، ئەمەش بارگرانییەکی گەورە دەخاتە سەر یاریزانە لاوەکە.
 
لەلایەکی دیکەوە، دووبارەبوونەوەی پێکانەکانی هەندێک لە یاریزانە سەرەکییەکان وایکرد بارسێلۆنا لە ساتەوەختە گرنگەکاندا بژاردەی هێرشبەری لەبەردەمدا نەمێنێت. بۆیە لاپۆرتا پێیوایە رافایل لیاو، بەئەزموون و کوالیتی خۆی، ئەو کێشەیە بەباشترین شێوە چارەسەر دەکات.
 
لە ئێستاوە دەنگۆی ئەوە لە ئیتاڵیا دەستیپێکردووە سەبارەت بە گرنگیدانی بارسێلۆنا بە لیاو. هەرچەندە ئەو یاریزانە تاوەکو ساڵی 2028 گرێبەستی لەگەڵ میلان هەیە، بەڵام لەوانەیە بڕگەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە ئاسانکاری بۆ دانوستاندنەکان بکات ئەگەر بارسا بتوانێت دەستەوارەیەکی سەرنجڕاکێش پێشکەش بکات. خودی لیاویش لە زیاتر لە بۆنەیەکدا رایگەیاندووە کە دەیەوێت لە خولێکی وەک خولی ئیسپانیدا تواناکانی تاقیبکاتەوە، ئەمەش ئەگەری تەواوکردنی گرێبەستەکە زیاد دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە