رووداو دیجیتاڵ
ئەستێرەیەکی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا، رووبەڕووی مەترسیی مایەپووچبوون بووەتەوە، بەهۆی دۆسێیەکی باوکایەتیکردن لە هاوژینەکەی پێشووی.
مارسیل دیسایێ، بەرگریکەری پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا و براوەی مۆندیالی 1998 لەگەڵ ئەو هەڵبژاردەیە، لە دۆخێکی خراپدایە، پاش ئەنجامدانی پشکنینی دی ئێن ئەی لەسەر بڕیاری دادگا و لەپاش داواکاریی کۆسما باتێستا دی ئەلکانتارای هاوژینی پێشووی، بۆ سەلماندنی باوکایەتی ڤیکتۆریای تەمەن دە ساڵانی کچی.
میدیای فەرەنسا دەڵێن، ئەگەر باوکایەتی دیسایێ بۆ ڤیکتۆریا یەکلاببێتەوە و دادگا بڕیاری پێویستیی دابینکردنی ژیانی منداڵەکە بەسەر بەرگریکەرەکەی پێشووی فەرەنسادا بسەپێنێت، رووبەڕووی مایەپووچبوون دەبێتەوە.
دیسایێ، بەکەسێکی دەستبڵاو و شکستخواردوو لە پڕۆژەکانی بزنسدا ناسراوە. هەروەها چەندین دۆسێی جیاوازی دادگای لەسەرە کە ئەویان بەرەو هەندێک کێشەی دەروونیی بردووە.
رۆژنامەی 'فوت مێرکاتۆ' ئاشکرایکردووە، دادگا فەرمانی بە دیسایێ کردووە پشکنینی دی ئێن ئەی بکات، پاشئەوەی کۆسمای هاوژینی پێشووی سکاڵای لێکرد، دوای نکوڵیکردنی دیسایێ لە باوکایەتی ڤیکتۆریا.
رۆژنامەی 'لوپاریزیان' لای خۆیەوە دەڵێ، ئەنجامی پشکنینەکان کە لە زانایەکی زیندەوەرزانییەوە دەست رۆژنامەکە کەوتوون، دەیسەلمێنن کە ڤیکتۆریا بەڕێژەی 99.99٪ کچی مارسیلە.
دادگای فەرەنسا سبەی سێشەممە، دوای گوێگرتن لە پارێزەری دیسایێ، بڕیاری خۆی لەبارەی دۆسێیەکەوە رادەگەیێنێت و یەکلای دەکاتەوە.
هاوژینی پێشووی دیسایێ، داوایکردووە ئەو یاریزانەی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا، مانگانە پێنج هەزار یۆرۆ بۆ ژیانی کچەکەی تەرخان بکات، ئەگەر ئەو بڕە پارەیە لەلایەن دادگاوە بڕیاری لێبدرێت، ئەو یاریزانە مایەپووچ دەبێت.
سەرچاوەکانی فەرەنسا گوتوویانە، دیسایێ ژمارەیەک بزنسی بچووکی هەیە کە باجی زۆر دەدەن و ئەو یاریزانە پێویستیشە لەسەری بڕی 257 هەزار یۆرۆ وەک باج بەیەکجار بداتە دەزگاکانی حکومەتی وڵات.
فرانسواز ماگنۆنی، پارێزەری دیسایێ دەڵێ، "ئەو کەسێکی دەوڵەمەند و پارەدار نییە، وەکئەوەی خاتوو باتێستا دی ئەلکانتارای هاوژینی پێشووی دەیەوێت پێشانی رای گشتیی بدات".
رۆژنامەی 'لوپاریزیان' دەڵێ بەڵگەنامەیەکمان دەستکەوتووە، ئەو یاریزانە پێویستە لەسەری مانگانە پێنج هەزار یۆرۆ بداتە دەزگای باجی فەرەنسا و ئەوەش سەریکێشاوە بۆ مایەپووچبوونی یاریزانەکە.
دیسایێ لە ماوەی رابردوودا وەک شرۆڤەکار لە کەناڵی 'بی ئێن سپۆرت'ی قەتەر بۆ ماوەیەک کاری کردووە، بەڵام کێشە داراییەکانی، سەریانکێشاوە بۆ مایەپووچبوون و دوورکەوتنەوەی لە میدیاکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ