رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا دەڵێت "لەگەڵ ریال مەدرید سەرکەوتوو دەبم، بەڵام سەرەتا دەمەوێت خۆم بگونجێنم".
ئێمباپێ هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ کەناڵ پلەسی فەرەنسی ئەنجامداوە و دوو رۆژ لەمەوبەر بەشێکی بڵاوکرایەوە و تێیدا دەڵێت "هەمیشە قسەی زۆر لەبارەی منەوە دەکرێت، بەبێ ئەوەی هیچ شتێکم بە کەس گوتبێت، بۆیە بە پێویستی دەزانم ئەم هەڤپەیڤینە ئەنجامبدەم و هاندەران لە منەوە شتەکان بزانن."
کیلیان لەو دەرکەوتنەیدا کە دوای بردنەوەیان لە جیرۆنا بڵاوکرایەوە دەڵێت "من ئێستا زۆر دڵخۆشم، دەستم بە قۆناخێکی نوێی ژیان کردووە و ئەمە یەکەم ئەزموونی منە لە دەرەوە، لە ریال مەدرید سەرکەوتوو دەبم، بەڵام ئێستا هەوڵدەدەم خۆم لەگەڵ کەشوهەواکە، ژینگە نوێیەکە و یانە نوێیەکەم بگونجێنم."
ئەستێرە فەرەنسییەکە گوتی "هەندێکجار هەستم بە گوشار و ماندووبوون دەکرد، بەڵام نیگەران نەبووم، بەڵکو پێویستیم بە پشوودان هەبوو، دوای ئەوەی لە ژیانی پیشەگەریمدا هەندێک بەرەو دواوە گەڕامەوە."
گۆڵکارە فەرەنسییەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "بارودۆخەکە جیاوازە، لە ئیسپانیا هەر یاریزانێک وەکو بەشێک لە خێزانەکە باوەشی بۆ دەکرێتەوە، بەڵام لە فەرەنسا دەبێت نیشانبدەیت تاوەکو لەلایەن هاوڕێکانت خۆشەویست بیت، ئەمە باشترین دەستپێکی وەرز نییە بۆ ئێمە، بەڵام تیپەکە ئامادەیە بۆ بردنەوەی ئەو نازناوانەی لە کۆتاییدا هەژمار دەکرێن، ئێمە پێشتر جامی سوپەری ئەورووپامان بردووەتەوە، بەڵام ئەو ئاستەمان پێشکێشنەکردووە کە چاوەڕواندەکرێت، ئێمە لە ریال مەدرید چاوەڕێی نیوەی دووەمی وەرز دەکەین لە 2025".
ئێمباپێ زیاتر قسەیکرد و باس لە پۆشینی درێسی ریال مەدرید دەکات و دەڵێت "من زۆر خەونم بە یارییکردن بۆ ریال مەدرید دەبینی، نەمدەزانی چۆن و کەی ئەو خەونە دێتەدی، بەڵام دەمزانی لێرە یاری دەکەم، بەر لە کۆنگرەی ناساندنەکەم زۆر رارا و دوودڵ بووم، سێ کاتژمێری پێویستبوو تاوەکو قسەکانی کۆنگرەم بۆ دایکم و باوکم وەرگێڕا. لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ پێشوازیەکی پاشایانەم لێکرا، لەوێ هاندەران، هاوڕێکانم و بەڕێوەبەری هونەریم ناسی، هەروەها زیدان ئامادەبوو و سەرۆکی یانەکەش بەباشی باسی کردم."
کیلیان باس لەو رووداوە دەکات کە لە ماوەی رابردوودا لەکاتی دوورخستنەوەی لە هەڵبژاردەی فەرەنسا لە سوێد روویدا و گوتی "هیچ شتێکم پێ نەگوتراوە و حکومەتی سوێدیش پەیوەندییان پێوە نەکردووم، منیش وەکو ئێوە تەنیا لە میدکانەوە شتەکان دەبینم، پێشتر ژنێکم خۆشدەویست، بەڵام ئێستا هیوادارم ئیدی ژنێکم خۆش بوێت."
ئەستێرە فەرەنسییەکەی پێشووی یانەی پاریس سانجێرمان و ئێستای ریال مەدرید باس لە قۆناخی یارییکردنی خۆی لەگەڵ لیۆنێل مێسی دەکات لە یانە فەرەنسییەکە و دەڵێت "مێسی هەموو شتێک بەباشی دەکات، دەکرێت هەموو شتێک لە پیاوێکی وەکو ئەو فێرببیت، دەچوومە لای و لێم دەپرسی، چۆن ئەمە دەکەیت؟، دوای یاری کۆتایی جامی جیهانیش، لە مەشقەکانی پاریسدا مێسیم بینی، ئەو کاتە هێشتا زۆر تووڕە بووم، بەڵام ئەو پێیگوتم پێشتر نازناوەکەت بردووەتەوە، ئێستا نۆرەی ئەوە. زۆر تووڕە بووم، بەڵام رێزی لێدەگیرێت، چونکە مێسییە، ئێمە تووڕەییەکەمان بەیەکەوە بەپێکەنین شکاند، چونکە لە یاری کۆتاییدا یادگاریمان دروستکرد. زۆر شت لە مێسی فێربووم."
ئێمباپێ دەڵێت "هێشتا سەیری یارییەکانی پاریس سانجێرمان دەکەم، هیوادارم رۆژێک لە رۆژان نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بباتەوە، بەڵام ئێستا نا، چونکە دەمەوێت هەندێک داهاتم هەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ