مێژووی ناوبژیوانەکەی پاریس و باشاکشەهیر پڕە لە ئابڕووچوون

09-12-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ
 
ئابڕووچوونێکی دیکە و پاڵەوانەکەی وەک پێشوو سێباستیان چۆلێتێسچۆ، ناوبژیوانی رۆمانی پاڵەوانەکەیە، کە بووە هۆکاری ئەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆر لە یاریی نێوان پاریس سانجێرمان و باشاکشەهیر رووبدات.
 
ناوبژیوانە لەو یارییەدا بە زمانی رۆمانی بە پیێر وێبۆ، یاریدەدەری راهێنەری باشاکشەهیر گوتووە، نێگرۆ، کە بە زمانی رۆمانی بە مانای رەش دێت، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی دێمبابا، هێرشبەری یانەی باشاکشەهیر داوا لە هاوڕێکانی بکات یاریگە بەجێبهێڵن و رووبەڕووی ناوبژیوانەکە بووەوە و پێیگوت، نابێت بەمشێوەیە بانگمان بکەیت، ئایا کاتێک کەسێکی سپی پێست دەکەیت بانگی دەکەیت پیاوی سپی؟
 
ئەم رووداوانە بوونە هۆکاری ئەوەی کە یارییەکە بەهۆی ئەو قسانەی ناوبژیوانەکە تەواونەکرێت و دوای تەنیا 16 خولەک یارییکردن یارییەکە وەستا و کاردانەوەی زۆریشی بەدوای خۆیدا هێنا.
 
ناوبژیوانە رۆمانییەکە پێشتر چەندینجار کێشەی لە یارییەکاندا دروستکردووە و بووەتە هۆکاری گرژی و ئاڵۆزی.
 
ئەو ناوبژیوانە تەمەنی 34 ساڵە، لە 2006 چووە ریزی ناوبژیوانە نایابەکانی رۆمانیا، ساڵی 2007 دابەزێندرایەوە و جارێکی دیکە لە 2008 گەڕایەوە ریزی ناوبژیوانە گەورەکانی ئەو وڵاتە.

 

 تەنیا یەک یاریی لەم وەرزەدا بەڕێوەبردووە

 

سێباسیتیان تەنیا یەک یاریی لەم وەرزەی پاڵاوتنەکانی یۆرۆپالیگدا بەڕێوەبردووە، لە چامپیۆنزلیگیشدا ناوبژیوانی چوارەمی یاریی نێوان ریال مەدرید و شاختار بوو، کە ریال مەدرید یارییەکەی دۆڕاند.
ناوبژیوانەکە لە بەڕێوەبردنی یارییەکاندا سەرکەوتوو نەبوو، بۆیە کەمترین کات بەرپرسیارەتی بەڕێوەبردنی یارییەکانی پێدراوە.

 

ئابڕووچوونەکانی ناوبژیوانەکە

لە 2015 چۆلێتێسچۆ ناوبژیوانی یاریی نێوان هەردوو یانەی ئاسترا و ستیوا بوخارست بوو لە خولی رۆمانیا، لەو یارییەدا ئەو ناوبژیوانە 3 گۆڵی رەتکردەوە و ئامادەنەبوو یاریزانێکی ئاستراش  بکاتە دەرەوە کە یاریزانەکە هێرشیکردە سەر ناوبژیوانەکە.
 
دوای ئەم یارییە یوێفا مافی بەڕێوەبردنی یارییەکی یۆرۆپالیگی لەو ناوبژیوانە وەرگرت کە بڕیاربوو ئەو یارییەکە بەڕێوەببات.
 
دوو ساڵ لەمەوبەر ناوبژیوانەکە یارییەکی دیکەی بەڕێوەبرد، 6 کارتی سووری بەڕووی یاریزاناندا بەرزکردەوە، یاریزانێک کاتێک کرایە دەرەوە داوای روونکردنەوەی هۆکاری کردنەوەی لە ناوبژیوانەکە کرد، سێباستیان راستەوخۆ دەستی خستە قورگی یاریزانەکەوە.
 
لە ساڵی 2011 لە یارییەکی دیکەدا چۆلێتێسچۆ، بووە هۆکاری کێشەیەکی دیکە و رووداوێکی سەیر روویدا کاتێک یاریزانێک لە ناوەڕاستی یاریگەدا دەستی ناوبژیوانەکەی ماچکرد و داوای لێبوردنی لێکرد.

 

هەوڵی خۆ کوشتنی داوە


ئەو ناوبژیوانە لە ساڵی 2008 ویستوویەتی خۆی لە پەنجەرەی ماڵەکەیدا لە شاری کرایۆڤا فڕێبداتە خوارەوە، بەڵام هاوژینەکەی رێگەی لێگرتووە، چونکە پرسی وەرگرتنی بەرتیل لە یانەی گاز میسانی رۆمانی لەلایەن ناوبژیوانەکەوە ئاشکرابوو.
 
پاشان دوای ماوەیەک لەو رووداوە، ناوبژیوانە جارێکی هەوڵی خۆ کوشتنی داوە، بەپێی قسەی دراوسێیەکانی و شایەدحاڵەکان کە ناوبژیوانەکە هاواری کردووە و داوایکردووە رێگەی پێبدرێت خۆی بکوژێت، بەڵام رێگەی لێگیراوە.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، هۆکاری هەوڵدانی ئەو ناوبژیوانە بۆ خۆ کوشتن، ئەو ئاستە خراپەی بووە کە لە یارییەکاندا پێشانیداوە و پرسی وەرگرتنی بەرتیلیش لەلایەن ناوبژیوانەکە ئاشکرابوو، بەتایبەت کە لە یاریی نێوان هەردوو یانەی گاز میسان و پراسۆڤ لە خولی رۆمانیا، ئاستێکی زۆر خراپی پێشکێشکرد و رەخنەی زۆری لێگیرا.
 
کاردانەوەکانی رووداوەکەی پاریس و باشاکشەهیر
 
بەهۆی ئەو قسانەی ناوبژیوانەکە کردی، یارییەکەی پاریس سانجێرمان و باشاکشەهیر کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و ئەمشەو یارییەکە بە دەستەیەکی ناوبژیوانی نوێ تەواودەکرێت.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا دەڵێت، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی ئەو یارییە دەکات و هیچ بوارێکیش بۆ رەگەزپەرستی لە یاریگەکانی تۆپی پێدا نییە.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هەر زوو لەسەر ئەو رووداوە هاتە دەنگ و لە تویتێکدا نووسیی،زۆر بە تووندی سەرکۆنەی ئەو وشە رەگەزپەرستانە دەکەم کە ئاراستەی ئەندامێکی دەستەی راهێنەرانی یانەکەمان کراون".
 
سەرۆکی تورکیا، هەروەها دەڵێت "تورکیا بە هەموو شێوەیەک رووبەڕووی هەموو شێوازەکانی رەگەزپەرستی و جیاکاری دەبێتەوە، لە بواری وەرزش و هەموو بوارەکانی دیکەی ژیان".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە