ڤیدیۆ؛ ئەمڕۆی یۆرۆپالیگ.. مۆرینیۆ و ئەڵۆنسۆ چاویان لە چوارەم سەرکەوتنە

رووداو دیجیتاڵ

لە کۆمەڵەی یەکەمی یۆرۆپالیگدا، هەریەکە لە یانەکانی فرایبۆرگی ئەڵمانی و وێستهامی ئینگلیزی بەدوای سێیەم سەرکەوتندا دەگەڕێن لەپێناو نزیکبوونەوەی زیاتر بۆ گەیشتن بەقۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە و خۆپاراستن لە یارییەکانی پلەی ئۆف.
 
هەردوو یانە شەش خاڵیان لە دوو بردنەوەدا بەدەستهێناوە و ئەمشەو ئەرکی فرایبۆرگ ئاسانترە کاتێک لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر باچکای سڕبی یارییدەکات، لە کاتێکدا وێستهام کە گەڕی پێشوو بە ئۆڵمپیاکۆس دۆڕاوە، ئەمشەو چاوی لە قەرەبووی شکستەکەی پێشووی و بەدەستهێنانی سەرکەوتنە.
 
فرایبۆرگ لە دوو یاری رابردووی خۆیدا لەسەرئاستی نێوخۆی ئەڵمانیا تامی بردنەوەی نەکردووە، دەیەوێت خۆی لەهەر سوپرایزێک بپارێزێت ئەگەر لە یارییەکەی وێستهام و ئۆڵمپیاکۆسدا رووبدات و هەڕەشە لە چانسی ئەو بۆ گرتنی پێشەنگی کۆمەڵەکە بکات.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا، برایتنی ئینگلیزی دەیەوێت سەرکەوتن بەسەر ئەیاکس ئەمستردامی هۆڵەندیدا دووبارە بکاتەوە، پاشئەوەی تیپەکەی دێ زێربی لە دوو گەڕی یەکەمدا نەیتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و ئەمشەو وەک راهێنەرەی برایتنیش گوتوویەتی ئەرکیان لە نێو هۆڵەندادا ئاسان نییە، چونکە ئەیاکس دوای دەستنیشانکردنی جۆن ڤان ئیت شخیب بەراهێنەری نوێی یانەکە، دوو سەرکەوتنی بەدوای یەکدا بەدەستهێناوە و ئەمشەو یەکەم بردنەوەی لە وەرزی ئەمساڵی یۆرۆپالیگدا دەوێت.
 
لە کۆمەڵەی سێیەمدا مانوێل پیلیگرینی راهێنەر، دەیەوێت نۆیەم خاڵ لە پاڵەوانێتییەکەدا بۆ ریال بیتێس دەستەبەر بکات، کاتێک لە پینتۆ ڤیامارین میوانداری ئاریس لیماسۆل دەکات. بیتێس سەرگەرمی ئەنجامە باشەکانیەتی لە لالیگا کە بەهۆی شکست نەهێنان لە دوایین حەوت یاری خۆیدا لە خولەکە، پلەی پێنجەمی ریزبەندی گرتووە.
 
رکابەرەکانی بیتێس کە سپارتا پراگ و گلاسکۆ رینجێرزن، یاریی پێشووی نێوانیان بەیەکسانبوون کۆتایی هاتووە و دووبارەبوونەوەی ئەو سیناریۆیە خزمەتی زۆری یانە ئیسپانییەکە دەکات بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
 
ئاتلانتای ئیتاڵی، پێشەنگی کۆمەڵەی چوارەمی یۆرۆپالیگ، لای خۆیەوە ویستی بۆ بەدەستهێنانی سێیەم بردنەوە لە وەرزی ئەمساڵدا هەیە لە ساتی میوانداریکردنی شتورم گراسی نەمساوی. بەڵام پێناچێ نەمساییەکان وا بەئاسانی خۆیان بەدەست شکستەوە بدەن، بەتایبەت کە لە یاریی پێشووی نێوان هەردوو یانەدا، دە خولەک بەر لە کۆتایی خاڵێکیان لە میوانەکەیان سەند.
 
رکابەریی پلەی دووەمی ئەم کۆمەڵەیە لە نێوان سپۆرتینگ لیسبۆنا و شتورم گراسە کە هەریەکەیان چوار خاڵی هەیە، بەڵام ئەرکی سپۆرتینگ ئاسانترە چونکە لە نێو یاریگەی خۆیدا یارییدەکات و ویستی بردنەوە بەسەر رۆبن ئامۆریمی راهێنەر و یاریزانەکانیدا زاڵە.
 
لە کۆمەڵەکانی پێنجەم تاوەکو نۆیەمی یۆرۆپالیگی ئەمساڵ، سێ یانە لە سێ کۆمەڵەی جیاوازدا بەتەنیا سەرجەم یارییەکانی خۆیان بردووەتەوە و خاوەنی نۆ خاڵن و ئەمشەو دەتوانن بەئارامی لەدەرگای قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە بدەن.
 
یەک لە یانە خاوەن نۆ خاڵەکان، لیڤەرپوولی ئینگلیزییە کە پێشەنگی کۆمەڵەی پێنجەمی گرتووە. لیڤەرپوول ئەگەرچی ئەمشەو لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یارییدەکات، بەڵام سەرکەوتنی لە یاریی پێشوودا بەئەنجامی گەورەی پێنج گۆڵ و تێکشکاندنی توڵۆز، ویستی ئەوەی دەداتێ چاوی لە دووبارەکردنەوەی سەرکەوتن بێت.
 
یانە ئینگلیزییەکە دەیەوێت لێکدانەوەکانی سەرکەوتن لە یۆرۆپالیگ زوو تەواو بکات، بۆئەوەی لە هەفتەکانی داهاتوودا چاوی لەسەر پرێمەرلیگ بێت، کە بەهۆی یەکسانبوونەوە بەرامبەر لوتۆن تاون، یانەکە بۆ پلەی سێیەمی ریزبەندییەکە دوا کەوتووە.
 
لیڤەرپوول هەروەها دەیەوێت بەئارامی تەماشای رکابەرەکانی ژێرخۆی بکات لە ریزبەندییەکەدا کە بریتین لە سانت جیلواز و لینز و ئەمشەو لە نەمسا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
لە کۆمەڵەی شەشەمدا، ڤیاریال لە قوبرس بەرامبەر مەکابی حەیفای ئیسرائیلی یارییدەکات، لە کاتێکدا رێن و پاناسینایکۆسی یەکەم و دووەمی کۆمەڵەکە، لە فەرەنسا هەوڵی دڵنیابوونەوە لە نزیکیی سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو دەدەن.
 
رۆمای جۆزێ مۆرینیۆ کە پێشەنگی کۆمەڵەی حەوتەمی گرتووە و یەکێکە لە یانە خاوەن نۆ خاڵەکانی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکە، لە چیک بەرامبەر سلاڤیا پراگ یارییدەکات کە دووەمی کۆمەڵەکەیە و یاریی یەکەمی بەرامبەر رۆما لە نێو ئۆڵیمپیکۆ بەدوو گۆڵی بێبەرامبەر بردووەتەوە.
 
ئەوەی بەسەر کەشی ئەم یارییەدا زاڵە، دێربیی رۆمایە کە هەفتەی داهاتوو ئەو یانەیە و لازیۆی رکابەری لە سێری ئا کۆدەکاتەوە. وەڵامدانەوەکانی مۆرینیۆ بۆ لێدوانێکی پێشتری ماوریسیۆ ساری راهێنەری لازیۆ، کە یارییەکەی رۆمای بەرامبەر سلاڤیا پراگ بەدۆستانە بۆ رۆما ناوبردبوو، بوونەتە مانشێتی رۆژنامەکانی ئیتاڵیا.
 
ساری یارییەکە بەئاسان و دۆستانە بۆ رۆما ناودەبات، لە کاتێکدا سپێشەڵ وەن دەڵێ ئەوە سووکایەتییە بە یانە چیکییەکە و دەبێ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا هەڵوێستی لەسەر قسەکانی ساری هەبێت. مشتومڕەکە بەردەوام دەبێت و رۆما بەدوای بردنەوەیەکی دیکەدا دەگەڕێت.
 
لە دوا کۆمەڵەی دووەم گەورەترین پاڵەوانێتیی ئەوروپادا، بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی چاوی لە چوارەم بردنەوە و دووبارەکردنەوەی سەرکەوتنەکەی گەڕی پێشووە بەرامبەر کارباخ ئەگدامی ئازەربایجانی، لە کاتێکدا یارییەکە ئاسان نابێت بۆ یانە ئەڵمانییەکە، چونکە کارباخ دوو بردنەوەی هەیە و پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی گرتووە و بەبردنەوە لە لیڤەرکوزن، دەتوانێ خاڵەکانی نێوانیان هاوتا بکاتەوە.