ئەنچێلۆتی وەڵامی پیکێ دەداتەوە

رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچێلۆتی ئیتاڵی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، وەڵامی لێدوانەکانی جیرارد پیکێ، بەرگریکاری پێشووی یانەی بارسێلۆنای دایەوە.
 
پیکێ بەمدواییە لە لێدوانێکدا، باسی دەستکەوتەکانی ریال مەدریدی کرد و گوتی "هەمان شتە، وەک هەمیشە، بردنەوەی چواردەمین نازناوی چامپیۆنزلیگ لەلایەن ریال مەدریدەوە پەرجوو بوو، چونکە ئاستی ریال لە ئاستی هەموو ئەو تیپانە لاوازتر بوو کە رووبەڕوویان بووەوە، بەڵام نازناوەکەی بەزەحمەت بەدەستهێنا، بۆیە کەس ئەم پاڵەوانێتییەی لەبیر نامێنێت".
 
ئەنچێلۆتی، لە لێدوانێکدا کە رۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، وەڵامی پیکێی داوەتەوە و دەڵێت "پیکێ لە جیهانی خۆیدا دەژی کە هاوشێوەی جیهانی هاندەرانی ریال مەدرید نییە. هیچ مەدریدییەک نییە بتوانێت نازناوی 14ـی چامپیۆنزلیگ لەبیربکات، ئەوان تاوەکو کۆتایی ژیانیان ئەو نازناوەیان لەبیر دەبێت".
 
پرسیار لە ئەنچێلۆتی کرا سەبارەت بەو هەواڵەی کە دوێنێ چوارشەممە بڵاوکرایەوە، سەبارەت بە کشانەوەی هەمیشەیی ریال مەدرید لە گرێبەستی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی پاریس سانجێرمان؟ بەڵام ئەو وەڵامەکەی پشتگوێ خست و گوتی "وەڵام نادەمەوە".
 
ماوەی گرێبەستەکەی کیلیان ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە هاوینی داهاتوودا کۆتایی دێت، لە چەند مانگی رابردووشدا زۆر لە هەواڵەکان باسیان لەوە کردووە کە ئەگەری هەیە ریال مەدرید لە مانگی یەکی داهاتوودا بەخۆڕایی گرێبەستی لەگەڵ بکات و دوای کۆتاییهاتنی وەرز پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی مێرێنگێیەوە بکات، پێش ئەوەی هەواڵەکان باس لە کشانەوەی ریال مەدرید لە گرێبەستەکە بکەن.