ئەمشەو یۆرۆپالیگە و لیڤەرپوول و رۆما چاویان لە قۆناخی داهاتووە

رووداو دیجیتاڵ
 
یۆرۆپالیگ جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە و ئەم هەفتەیەش چەندین یاری گرنگ و بەهێزی لەخۆگرتووە. 
 
سلاڤیا پراگ vs رۆما 
شەوی پێنجشەممە کاژێر 20:45، یانەی سلاڤیا پراگ میوانداری رۆما دەکات. رۆما لەم وەرزەی یۆرۆپالیگدا ئاستێکی ناوازەی پێشکێش کردووە و لە سێ یاریدا سەرجەم یارییەکانی بردووەتەوە و پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە. سلاڤیا پراگـیش، دوو بردنەوە و دۆڕانێكی هەیە و لە پلەی دووەم دێت. تاکە دۆڕانی پراگ لە دژی رۆما بوو، کاتێك لە یاریگەی ئۆڵۆمپیکۆ رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و رۆما بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە.
 
وەرزی رابردوو رۆما نزیك بوو لەوەی یەکەم نازناوی یۆرۆپالیگ لە مێژووی خۆیدا بەدەست بێنێت، بەڵام لە یاری کۆتاییدا بە لێدانی یەکلاکەرەوە دژی سێڤیا تووشی شکست هات، بۆیە جۆزێ مۆرینیۆ دەیەوێت قەرەبووی ئەو شکستە بکاتەوە و چاوی لەوەیە دووەم نازناوی ئەوروپی بۆ یانە ئیتاڵییەکە بەدەستبێنێت.
 
 
ئایاکس vs بڕایتۆن
لە یارییەکی بەهێزدا، یانەی ئایاکس لە یاریگەی یۆهان کڕۆیف میوانداری بڕایتۆن دەکات. لە دوایین یاری نێوانیاندا، بڕایتۆن توانی یەکەمین بردنەوەی خۆی لە مێژووی پاڵەوانێتییە ئەوروپیەکان تۆمار بکات کاتێك لە یاریگەی ئامێکس میوانداری ئایاکسـی کرد و یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لێبردەوە. 
 
بڕایتۆن لە یاری یەکەمدا لە یۆرۆپالیگ تووشی شکستێکی سەخت بوو و لە یاری دووەمیشیدا بە زەحمەت توانی دژی مارسیلیای فەرەنسی یەکسان ببێت و خاڵێك بەدەست بێنێت. بەڵام دواتر بردنەوەکەی دژی ئایاکس جارێکی دیکە هیوای گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو بۆ یانەکە زیندوو کردەوە. بڕایتۆن خاوەنی چوار خاڵە و لە پلەی سێیەمی کۆمەڵەکەی دێت.
 
لە دوای ئەوەی ئایاکس بە خراپترین کاتەکانیدا تێدەپەڕی، یانەکە بڕیاری دوورخستنەوەی مۆریس ستاینی راهێنەری دا و جۆن ڤانت سیپی لە جێی ئەو دەستنیشان کرد. راهێنەرە نوێیەکە توانیویەتی دوو بردنەوە لەسەریەك بۆ یانەکەی بەدەستبێنێت و لە خولی هۆڵەندیدا ئایاکس لە دوا پلەی ریزبەندییەوە بۆ پلەی 11 سەربخات. ئەمە یەکەمین یاری راهێنەرەکە دەبێت لە یۆرۆپالیگ و چاوی لەوەیە بە بردنەوەی ئەم یارییە ئایاکس لە پاڵەوانێتییەکەدا بهێڵێتەوە. یانە هۆڵەندییەکە لە کۆمەڵەکەیدا تەنیا خاوەنی دوو خاڵە و لە دوا پلەی ریزبەندی دێت.
 
 
بایرلیڤەرکوزن vs قاراباخ
لە یارییەکی دیکەدا بایرلیڤەرکوزن بۆ ئازەرباینجان گەشت دەکات و دەبێتە میوانی قاراباخ. 
 
بایرلیڤەرکوزن لەم وەرزەدا یەکێکە لە باشترین یانەکانی ئەوروپا و یەکێکە لە پاڵێوراوە سەرەکیەکان بۆ بردنەوەی یۆرۆپالیگ دوای ئەوەی وەرزی رابردوو لە قۆناخی پێش کۆتایی ماڵئاواییان کرد. یانە ئەڵمانیەکە لەم وەرزەی بۆندسلیگادا لە 10 یاریدا 28 خاڵیان هەیە و پێشەنگی خولەکەیان گرتووە و هاندەرانی یانەکە خەون بە بردنەوەی یەکەمین نازناوی بۆندسلیگا دەبینن لە مێژووی یانەکەدا.  لیڤەرکوزن لە یۆرۆپالیگدا سەرجەم یارییەکانیان بردووەتەوە و بە نۆ خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە.
 
قاراباخ لە یۆرۆپالیگدا دوو بردنەوە و دۆڕانێکی هەیە و بە شەش خاڵ لە پلەی دووەمی کۆمەڵەکە دێت. یانە ئازەرییەکە چاوی لەوەیە بۆ یەکەمین جار لە مێژوویدا بگاتە قۆناخی کرانەدەرەوەی یۆرۆپالیگ.
 
 
لیڤەرپوول vs تۆلۆس
لە یارییەکی دیکەی گرنگدا، لیڤەرپوول دەبێتە میوانی تۆلۆسی فەرەنسی. لیڤەرپوول یەکەمین جارە دوای ساڵی 2016 بەشداری لە یۆرۆپالیگدا دەکات، ئەمەش دوای ئەو ئەنجامە خراپانەی وەرزی رابردووی یانەکە دێت لە پرێمەرلیگ کە وای کرد نەتوانێت لەو چوار یانەیە بێت کە بەشداری چامپیۆنزلیگ دەکات. یانە ئینگلیزیەکە وەك پێشبینی کرابوو سەرجەم یارییەکانی لە یۆرۆپالیگدا بردووەتەوە و بە نۆ خاڵ لە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی دێت. سەبارەت بە تۆڵۆس، یانە فەرەنسیەکە لەم وەرزەی یۆرۆپالیگ، لە سێ یاریدا چوار خاڵی هەیە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی دێت.