کۆتینیۆ وەڵامی دەنگۆی میدیاکانی ئیسپانیا دەداتەوە

09-11-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن فیلیپ کۆتینیۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فیلیپ کۆتینیۆ، دوای ماوەیەکی زۆر دابڕان پەیوەندیی بە هەڵبژاردەی بەرازیلەوە کردەوە و خۆی بۆ دوو یاریی داهاتوو لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2022ـی قەتەر ئامادەدەکات.
 
هەڵبژاردەی بەرازیل یەکەم مەشقی بۆ یاریی داهاتوو ئەنجامدا، کە بەرەبەیانی رۆژی هەینی کاژێر 03:30 بەرامبەر هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا یارییدەکات، پاشان دوای پێنج رۆژ لە کلاسیکۆدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەبێتەوە.
 
کۆتینیۆ لە یەکەم یاریزانەکان بوو پەیوەندیی بە هەڵبژاردەی بەرازیلەوە کرد و دڵخۆشیی خۆیشی بەرامبەر گەڕانەوە بۆ نێو پێکهاتەی سامبا پێشاندا.
 
بەرازیل بە 11 یاری 31 خاڵی کۆکردووەتەوە و پێشەنگی ریزبەندی هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشووری بەبێ هیچ دۆڕانێک گرتووە و لە ئەگەری بردنەوەی لە کۆڵۆمبیا راستەوخۆ دەگاتە مۆندیال.
 
کۆتینیۆ دەڵێت " لەوکاتەوەی گەڕاومەتەوە زنجیرەیەکی پێنج شەش یاریم بەدوای یەکەوە نەبووە، بۆ ئەوەی بەتەواوی ئاستی خۆم بگەڕێنمەوە، ئەمەش وادەکات خەڵک بە چاوی نوێوە سەیرم بکەن."
 
یاریزانە بەرازیلییەکە زیاتر دەڵێت " گرنگترین شت کارکردنە، ئەوە شتێکە کە هەمیشە باسی دەکەم، من هەوڵمدا بۆ ئەوەی بێمە ئێرە، زۆر کارمکرد بۆ ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل بمێنمەوە، من زۆر تێکۆشام بۆ ئەوەی بتوانم لە دوای سێ نەشتەرگەری بگەڕێمەوە، ئەمە ئەو شتەیە کە من دەمەوێت."
 
میدیای ئیسپانیا بڵاویانکردبووە، کۆتینیۆ بە ساردی وەڵامی سێرخی بارخوانی داوەتەوە کاتێک داوای لە یاریزانەکە کردووە خۆی گەرمبکات و دواتریش ئامادەنەبوو یاریی بکات، یاریزانە بەرازیلییەکە لەوبارەیەوە گوتی " کاتێک دوای یارییەکەی بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ گەڕامەوە ماڵەوە، هەندێک هەواڵم بینی، زۆر سەرسوڕمان بوو بۆ من، من لە ژیانمدا هەرگیز ناپیشەیی نەبووم و هەمیشە رێز لە هەموو کەسێک دەگرم، لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی کاردەکەم، رێزی رای رۆژنامەڤانانیش دەگرم."
 
کۆتینیۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی یانەی ڤاسکۆ دیگامای بەرازیلییەوە گوتی " وەک هاندەرێک دەبینم کە یانەکە بە بارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت، هەمیشە هیوای باشترین بۆ ڤاسکۆ دەخوازم، سوپاسگوزارییەکی زۆرم هەیە بۆ یانەکە، زۆر ساڵم لەگەڵ یانەکە بەرێکردووە و دەمەوێت رۆژێک بگەڕێمەوە، بەڵام من هێشتا لە دوورەوە دڵخۆشم."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە