ڤیدیۆ؛ ڤار و ڤاران ریال مەدریدیان تووشی شکستێکی گەورەکرد

09-11-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ریال مەدرید ڤالێنسیا
A+ A-

رووداو دیجیتال

مەدریدییەکان نەیاندەزانی گۆڵە جوانەکەی کەریم بێنزیما کە لە خولەکی 23دا لە تۆڕی گۆڵی ڤالێنسیا کردی، دەبێتە سەرەتای رووخانی یانەی شاهانە، کە شەمشەمەکوێرەکان دوای ئەو گۆڵە وەک شێر کەوتنە گیانی تیپەکەی زیدان.

سەرەتا لێدانێکی سزایان بەدەستهێنا، کارلۆس سۆلێر لەدەستیدا، ڤار دووبارەی کردەوە سۆلێر گۆڵی یەکسانبوونی بەدەستهێنا.

ئەمجارەیان ڤالێنسیا پێویستی بە سۆلێر و ڤار نەبوو، ڤاران لەوێ بوو بۆ ئەوەی وەک زۆرجار گۆڵێک بۆ تیپی بەرامبەر لە گۆڵی خۆیان تۆماربکات.

لە نیوەی دووەمدا هیچ شتێک بەدڵی ریال مەدرید نەبوو، ستوونی گۆڵ تۆپێکی دیکەی ڤالێنسیا گەڕاندەوە و مارسێلۆ لێدانێکی دیکەی سزای پێبەخشین و سۆلێر ئەویشی گۆڵ کرد.

ریال هەڵێکی ئاسانی لەدەستدا بەر لەوەی نۆرە بێتە سەر رامۆس، کە ئەویش لێدانێکی سزای بە سۆلێر بەخشی، کە هاتریکی تۆمارکرد و 4 -1 لە ریالیان بردەوە. زیدان پیرۆزبایی لە ڤالێنسیا کرد و رامۆسیش بە نیگەرانی لە یاریگە دەرچوو.

لەدوای یارییەکە یاریزانانی ریال مەدرید رەخنەیان لە ڤار گرت، کە پێیانوابوو لە هەموو حاڵەتەکاندا ڤار دژی ئەوان بوو، ئەگەرچی زینەدین زیدانی راهێنەریان لەدوای یارییەکە گوتی "من بەرپرسیاریەتی ئەو شکستە لە ئەستۆ دەگرم".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە